Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 16:54

بە سەرمەقولات دێمە ئەو شوێنەی تۆ حەز بکەی

هەر (۱٤) شیعرەکەی کۆشیعری (ڕازی تەنیایی)م ئەزبەرکردبوو
کوردستان TV
100%

سەر لە بەیانی ڕۆژی ۲٠٠۱/٥/۲۹ لە کاتی دەوام لە ئۆفیسی گۆڤاری ڕامان کە بەرانبەر سوپەرمارکێتی نیوستی و لە سەرەتای باداوا بوو ، زەنگێکم بۆ هات ، هەر زوو بە دەنگەکەی زانیم ئەوەی قسە دەکات مامۆستا ( ئەحمەد هەردی )یە .

م. ئەحمەد هەردی کە لە حەفتاکان ئەو کاتەی سەرەتای خوێندنەوەم بووم بە زمانی کوردی خۆشەویستییەکی بێسنوورم بۆ شیعرەکانی هەبوو ، تەنانەت هەر (۱٤) شیعرەکەی کۆشیعری (ڕازی تەنیایی)م ئەزبەرکردبوو ، کە چوومە سلێمانی هێشتا نەگەڕابووەوە کە بەسەر هەواڵی کۆچی دوایی ئەو شاعیرە گرنگەدا کەوتم ، لە بیرمە لەتیف هەڵمەت خێرا شیعرێکی شیوەنی بۆ نووسی و لە کۆشیعری (گەردەلوولی سپی)دا بڵاوی کردەوە ، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو شوکر هەواڵی مەرگی بە درۆ خرایەوە ، دوای ساڵانێک خۆشی گەڕایەوە سلێمانی . منێکی سەرسام بە کەسایەتی ئەو و تامەزرۆی شیعرەکانی هەر زوو بە خزمەتی گەیشتم و لە نزیکەوە ناسیم ، سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی کە بەرانبەر مزگەوتی گەورە ، لە شوێنی ئێستای کاسۆ مۆڵ بوو ، هەر کاتێ بمویستبا لە ژوورەکەی کاک مەحموود تۆفیق خەزنەدار ( بەرپرسی کارگێڕی و دارایی سانەوی بوو ) ، یان ژوورەکەی ڕەحمەتی مەحموود میرزا دەمبینی و هەر جارێک دوو ـ سێ سەعاتمان بە قسە و باسی جۆراوجۆر بەڕێ دەکرد ، ئیدی ئەوەندە لێی نزیک بووبوومەوە خۆی هەواڵی دەپرسیم و داوای لێ دەکردم لە ماڵەوە سەردانی بکەم ، زۆر جاریش کتێبێک ، سەرچاوەیەکی بویستبا داوای لێ دەکردم بۆی پەیدا بکەم و بۆی ببەم . مایەی شانازییە بۆ من کە مشتومڕێکی ئەدەبی کەوتە نێوان من و ڕەوانشاد محەمەدی مەلا کەریم ، مامۆستا کە پێیان دەگوت زۆر تەنبەڵە لە نووسین ، بۆ پشتیوانی کردنم هاتە دەنگ و بابەتەکەی بڵاو کردەوە ، ئەوەش بووە هۆی دۆڕانی دەستێک چاکەت و پانتۆڵ (قاتێک) لەلایەن ڕەحمەتی عەلی بۆسکانی ، چونکە گرەوی لەگەڵم کرد کە هەردی ئەو وتارە نانووسێ .
م . هەردی لە پێوەندییە تەلەفونییەکەی ئەو ڕۆژە پێی ڕاگەیاندم کە زۆر حەز دەکات بمبینێ ، بەڵام بەهۆی پیرییەوە ناتوانێ سەردانم بکات ، منیش پێم گوت کە تۆ حەز بە بینینی من بکەیت ، ئەو من بە سەرمەقولات دێمە ئەو شوێنەی تۆ حەز بکەی . پێی وتم من لە ماڵی (د. شەفیق قەزاز)ی زاوام دابەزیوم ، پێم خۆشە ئێوارە بێیتە ئەوێ یەکتر ببینین ، منیش هەر گورج زەنگم بۆ کاک فارس سەعدی فۆتۆگرافەر لێ دا و پێم ڕاگەیاند خۆی و کامێراکەی لە کات و شوێنی دیاریکراو ئامادە بێ .. کە چوومە ماڵی د. شەفیق قەزاز دیار بوو زەنگی بۆ کۆمەڵێک هاوڕێی تریش لێ دابوو ، کەسانێ لەوانەی حەزی بە بینینیان کردبوو لەوانەش : لە چەپەوە : ئەمین مەولوود (وەزیری پیشەسازی پێشووتر) ، فازڵ سۆرانی (کە وەک مام هەردی وتی لە سەقز دراوسێیان بووە) ، عەلی بەگی حسەین بەگ (کە چوومە سلێمانی لە دەستەی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی پێکەوە فەرمانبەر بووین و لەو ڕۆژەوە بووینە دۆست و هاوڕێی نزیک ) ، د. عەزیز گەردی ، ئەحمەد هەردی ، د.مارف خەزنەدار ، ئازاد عەبدولواحید ، هونەرمەند ئەحمەد سالار ، د. شەفیق قەزاز ، ئەو شەوە شەوێکی مێژوویی ئێجگار خۆشمان گوزەراند ، لە پاش ئەوەی چەند ساڵێک بوو مامۆستا (هەردی)یمان نەدیبوو ، چونکە ئەو کاتە لە لەندەن دەژیا ، شایانی باسە خاتوو چلوورە هەردی کچی مامۆستا ئەو ئێوارەیە ئەرکی زۆری کێشابوو و خواردنێکی شاهانەی بۆمان ئامادە کردبوو .. بەو سەرقاڵی و هیلاکییەوە من دەفەتم لە مام هەردی هێنا و گفتوگۆیەکی دوو سەعاتیم لەگەڵی ساز کرد کە دواتر لەگەڵ زۆر گفتوگۆی پچڕپچڕی دی لە ژمارەیەکی گۆڤاری ڕامان بڵاوم کردەوە ، بەشێکیشی ماوە لە داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە ، ئەمە چەردەیەکە ، یان بڵێم مشتێکە لە خەرواری بیرەوەرییەکانم لەگەڵ ئەو مامۆستا پایەبەرزە کە تا دنیا دنیایە شیعر و ئەدەبی کوردی شانازی پێوە دەکات .

ئازاد عه‌بدلواحید
له‌ والی فیسبوكی به‌رێز ئازاد عه‌بدولواحید وه‌رگیراوه‌.


ktv

ktv

ktv
ktv

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.