- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ئارام محەمەد قادر: دەزانین کە گرفتەکانی ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین چییە و ھەموو کەسیش ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات، بەڵام دەبوایە بڕیار بدەین کە ساڵی خوێندنی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت.
لە میانی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندن و سیستەمی ئۆنڵاین، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئارام محەمەد قادر رایگەیاند کە میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنیان داناوە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی و زانستیی، ئارام محەمەد قادر گوتی: پلانمان داڕشتووە بۆئەوەی خوێندنی ساڵی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ لەدەست خوێندکاران و قوتابیان نەچێت، چونکە ئێمە بەپێی سیستەمی خۆمان ٣٠ ھەفتەی خوێندمان ھەیە لە ساڵێکدا کە لە یەکی ئەیلوول دەستمان پێکردووە و ٢٢ ھەفتەمان بەبێ کێشە بەڕێکردووە و حەفت حەفتەی تەواومان ماوە. لەو ماوەیەش یەک ھەفتە پشووە، بەگشتی میکانزمێکمان داناوە ئەو شەش هەفتەیە چۆن قەرەبوو بکەینەوە'.
ئارام محەمەد قادر گوتی: گرفتەکە ئەو شەش هەفتەیە نییە، بەڵکو گرفت ئەوەبوو کە ئەگەر نەتوانین قەرەبوو بکەینەوە، بۆیە ئەگەر لە مانگی ئایار دۆخەکە کۆنترۆل نەبوو و تا مانگی حوزەیران درێژە بکێشێت، ئێمە میکانزمی دیکەمان لەبەردەمە و داواشمان لە زانکۆکان کردووە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی و زانستیی ئەوەیشی خستەڕوو، چونکە قوتابیان لە شارە جیاجیاکانەوە دەچنە زانکۆکان، بۆیە مەترسییەکە فراوانترە لەچاو قوتابیانی سەربە وەزارەتی پەروەردە و راشیگەیاند کە بەو ھۆیەشەوە ناچاربوون کە بەرپرسانە مامەڵە بکەن بەتایبەتی لە رزگارکردنی قوتابیان لەم دۆخەدا.
ئارام محەمەد قادر گوتی: دەزانین کە گرفتەکانی ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین چییە و ھەموو کەسیش ناتوانێت پێداویستییەکانی دابین بکات، بەڵام دەبوایە بڕیار بدەین کە ساڵی خوێندنی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت، بەھۆی ئەوەیشی کە سیستەمی رزگارکردنی ئەو پرۆسەیە لەسەر ئاستی زانکۆکان بەڕێوەدەچێت و دەسەڵات دراوەتە سەرۆک زانکۆکان و پرسەکە تەواو دەکرێت.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی و زانستیی ئەوەیشی خستەڕوو کە پرسیار لەوە دەکرێت، ئایا تاقیکردنەوەکان چۆن دەبێت؟. ئەویش ئەوەیە کە بەرنامەی بۆ دانراوە. ئەگەر دەرفەت هەبوو دەچنەوە زانکۆ و خوێندن دەست پێ دەکاتەوە و راشیگەیاند کە ئەگەر دەرفەت نەبوو ئەوا بڕیاری خۆیان لەمبارەیەوە دەدەن و گوتی:
ئەگەر مانگی حوزەیران دەرفەت هەبوو دەچینەوە کەمپەکانی زانکۆ و ماوەی وانە خوێندن درێژ دەکەینەوە و دەست بۆ ھەندێک بڕیاریش دەبەین، بەڵام ئەگەر دەرفەت نەبوو، ئەوا ئێستا لە رێگای ئەلیکترۆنییەوە دەخوێنین و ئەوانەی ھەیە تەواوی دەکەین، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لە وانەکانی ئەمساڵ دەبێت بیخوێنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.