فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له پهرلهمانی كوردستان وهڵامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دهداتهوه ئهمه دهقهكهیهتی:
پاش دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری وەرزی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ، فراکسیۆنی یەکێتی بە هەناسە توندی لە راگەیەنراوێکدا هەندێک قسەیان بەرامبەر بەڕێز هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ڕێز کردوە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەرێزیان پاشی دانیشتنەکە، بێ ئەوەی بەرێزیان هیچ ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بهێنیت ، بەداخەوە فراکسیۆنی یەکێتی هەندێ قسەو بابەتیان ڕێز کردووە کە جگە لە چەواشەکاری و بە لاریدا بردن، هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.
دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمان جێبەجێکردنی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و گرتنە بەری رێککارە یاساییەکان بوون بۆ جێ بە جێ کردنی یاساکان.
شپرزەیی فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەنراوەکەیان بە جۆرێکە ، دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری پەرلەمان کە لە رووی پەیرەوی و بەرنامەی کارو نیسابی یاسایی و رێژەی دەنگدان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی بەرنامەی کار بەپێی پەیرەو، بە ساختەو نماییش بزانن. دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی ، هەر هیچ نەبووایە ، لە بەر حورمەتی دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرۆکەکەی هەڤاڵێکی سەرکردایەتی خۆیانە ، جێ بەجێ کردنی پەیرەو پابەند بوون بە یاساو بەشداری ٥٨ ئەندامی بەرێزی پەرلەمان بە نمایش و ساختە نەزانن.
دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی بە خەڵکی کوردستان بڵێت ، رێگرێکردن و کۆسپ دروست کردنەکانیان بۆ جێ بە جێکردنی ئەرکی یاسایی و پەیرەوی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر تەشهیر و تۆمەت هەڵبەستن لە لایەن هەندیک لە ژێر پەردەی پارێزبەندی پەرلەمانی، گەمەی ناشیرین بوو. دیارە شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشێلی یاسا و رێگاگرتن لە جێ بە جێ بوونی پەیرەوی ناوخۆ ، تووشی هیستریای کردوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان رەچاوی بەرژەوەندی گشتی کردوەو چاوپۆشی لە بە زۆر خۆسەپاندن کردووە، بەڵام هەموو شتێک سنوری خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشێلی یاسا ناکات، بەڵام بۆ جێ بەجێکردنی یاسا لە لایەن دامەزراوە یاساییاکانەوە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەروەر بوونی یاسا خستۆتە گەڕ. بەداخەوە ، بەو نەفەس و سیاسەتە چەوتەی لە ناوەرۆکی راگەیەنراوتان گرتوتانە بەر زیان بە خۆتان و ئەزموونی کوردستانیش دەگەینن.
لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەرێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکاری سیاسەت و بریارەکانی سەرکردایەتی پارتیمانن بۆ سەرخستنی دامەزراوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و پەیرەوی ناوخۆ.
پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری راستەقینەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە بەو پێوەرەی کە زۆرترین متمانەی خەڵکی کوردستانی بە دەستهێناوە و هەموو بریار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا بووەو دەبێت.
فراکسیۆنی پ.د.ک لە پەرلەمانی کوردستان
٧ ی ئایاری ٢٠٢٠
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.