ژماره‌ى تووشبوانى په‌تاى كۆرۆنا له ئێران به‌رز بووه‌وه، تا ئێستاش له‌و وڵاته زیاتر شه‌ش هه‌زار كه‌س به‌هۆى په‌تاكه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 8/5/2020، د. کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران له پرێس كۆنفرانسێكدا باسى له‌وه كرد، لە چوارشه‌ممه‌وه تا ئەمڕۆ لە سەرانسەری ئێران 55 كه‌سى دیکە بەهۆی په‌تای کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، كه كۆى گشتیی ئه‌و كه‌سانه‌ى گیانیان له‌ده‌ست داوه، شه‌ش هه‌زار و 541 كه‌سه.
گوتەبێژی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران ئه‌وه‌شى خسته ڕوو، له دوێنێوه تا ئه‌مڕۆ، هه‌زار و 556 كه‌سى دیكه تووشى كۆرۆنا بوون، كه كۆى گشتیی تووشبوانى په‌تاكه له ئێران 104 هه‌زار و 691 کەسه.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، تا ئێستا 83 هه‌زار و 837 کەس لە په‌تاى کۆرۆنا چاک بوونەتەوە.
له لایه‌كى تره‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینى 8/5/2020، میدیا ئێرانییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، كاتژمێر 12 و 48 خوله‌كى به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕى 5.1 پله به پێوه‌رى ڕێخته‌ر له تاران ڕووى دا.
دانیشتوانى پارێزگاكانى تاران، ئه‌لبورز، قوم و قه‌زوین هه‌ستیان به بوومه‌له‌رزه‌كه كردووه.
گوته‌بێژى پۆلیسى فریاكه‌وتنى ئێران ڕاى گه‌یاندووه، دوو كه‌س به‌هۆى بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه، كه یه‌كێكیان پیاوێكى 60 ساڵه و ئه‌وه‌ى دیكه‌ش ئافره‌تێكى ته‌مه‌ن 21 ساڵه، 23 كه‌سیش به‌هۆى بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه بریندار بوونه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.