ئێوارەی رۆژی هەینی 2020/5/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمەریکا، پەيوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا، هەروەها لێکەوتە ئابوورییەکانی پەتای کۆرۆنا لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێ کران.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوخەمی لە گەڵ خەڵکی ئەمەریکا دەربڕی بەهۆی گیان لە دەستدانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بە هۆی کۆرۆناوە.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی پەڕەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری وزەدا. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق و ئەو میکانیزمانە کرا کە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆیەوە دەتوانن هاوکاری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.