Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 09:17

ئێران هاووڵاتییەکی کەم ئەندامی کوردی به‌ 21 ساڵ زیندانی کردن سزا دا

حوکمی 36 ساڵ بەندکران بەسەر دوو برای کورددا سەپێندرا
کوردستان TV
100%


 دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر دوو برای کورددا کە یەکێکیان کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە سەپاند.


 رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ئەکبەر و ڕەسووڵ ڕەشیدی، ٣٣ ساڵ و ٣٥ ساڵ تەمەن، دوو برای کوردی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو“ەوە سەرجەم حوکمی ٣٦ ساڵ بەندکرانیان بۆ بڕاوەتەوە.


 رێكخراوی هه‌نگاو رایده‌گه‌ێنێت كه‌ هێزە ئه‌منییه‌كانى  ئێران ئەکبەر ڕەشیدییان دەستبەسەر کرد و پاش ٤٨ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ ( ٧ی سێپتامبر) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان ڕاگوێزرا.


ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی قورسیی کەمئەندامیی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران کەمئەندامی لەئەندازەبەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی دوو لاق و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.


هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت ، ئەکبەر ڕەشیدی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.


ناوبراو کە توانایی خوێندنەوە و نووسینی نییە، لە ماوەی ڕاگیران لە ئیدارەی ئیئتلاعات ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و هەروەها لە قۆناخی لێپرسینەوە و دادگایی‌کرانیدا هەموو ئەو مافانەی کە یاسای ئێران بۆ کەمئەندامان و هەروەها ئەو مافانەش کە بەپێی کۆنوانسیۆنی مافی کەمئەندامان پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٦ کە ئێران یەکێک لە ئەندامانییەتیی لێ زەوت کراوە. هەروەها ئیدارەی گشتیی پزیشکی یاسایی ئورمیە دوو جار داواکاریی ناوبراوی بۆ جێبەجێ‌نەبوونی ئەو حوکمە داسەپاوە ڕەت کردووەتەوە وتوویانە کە توانایی ئەوەی هەیە لە بەندیخانە بمێنیتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕەسووڵ ڕەشیدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و برای ئەکبەر ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١ ێگوست ٢٠١٩) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە رێکوتی ١٦ی خەرمانان هاوڕێ لەگەڵ براکەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە ڕاگوێزراوە.


ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کرێکاری بیناسازی و کرێنشین و باوکی منداڵێکە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

hengaw.net

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.