سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارەو پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی عێراق، حکوومەتی یۆنان بڕیاری داوە بڕی دوو ھەزار یۆرۆ بداتە ھەر پەنابەرێک کە ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە عێراق.
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارەو پەنابەرانی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە ئاگادارکراین کە لەلایەن باڵوێزی عێراق لەیۆنان بە نوێنەری دەزگای لوتکە ڕاگەیاندراوە ھەر پەنابەرێکی عێراقی کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی یۆنانە و دەیەوێت ئارەزومەندانە بگەڕێتەوە عێراق ھاوکاری و کارئاسانی بۆ دەکرێت و بڕی دوو ھەزار یۆرۆی پێدەدرێت". گوتیشی: "تەنانەت ئەگەر خێزانێک بگەڕێتەوە ھەر ئەندامێکی خێزانەکە ئەو بڕە پارەیان پێدەدرێت".
ئاری جەلال باسی ئەوەشی کرد کە ئەو ھاوکاریی و بڕیارە ئەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەگرێتەوە، کە لە پێش ڕێکەوتی ١ی ١ی ٢٠٢٠، چوونەتە ناو خاکی یۆنان، ھەر پەنابەرێکیش دەیەوێت بگەڕێتەوە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ ناو نووسین و ڕێکار و ڕێنماییەکانی خۆتۆمارکردن، سەردانی باڵوێزی عێراق لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.