مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پەیامێک لەبارەی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لە چەند ناوچەیەکی عێراق بڵاوکردەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی مستەفا کازمی لە تویتێکدا ئاماژەی بە لێدوانی کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکان دەکات و دەڵێت، ئێمە پابەندین بە بەڵێنەکانمان بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و پاراستنی خۆپیشاندەران.
کازمی رایگەیاندووە، لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران.
دووپاتیشدەکاتەوە، حکومەت چاکسازیی ئەنجام دەدات و هەڵبژاردنێکی ئازاد و یەکسان رێکدەخات.
ههروهها حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانەی دوێنێ تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی بەسرە کرد لە باڵەخانەیەکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
دوێنێ یەکشەممە خۆپێشاندەران لە دەوری بارەگایەکی حیزبی لە بەسرە و لە نزیک باڵەخانەی پارێزگای بەسرە گردبوونەوە، داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و دەستێوەردانی ئێرانیان دەکرد، دوای گردبوونەوەیان تەقە لە خۆپێشاندەران کرا و گەنجێکی 20 ساڵان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە سەری، گیانی لەدەستدا.
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە عێراقییەکان بووە کە راستەوخۆ لەلایەن مستەفا کازمییەوە سەرپەرشتی کراوە.
باسم ئەلمالیکی، گوتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی بەسرە رایگەیاند، ئەوانەی دەستگیرکراون پێنج کەسن، دەستبەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە مستەفا کازمی بەڵێنی بە خۆپێشاندەران داوە سزای ئەوانە بدات دەستیان لە کوشتنی زیاتر لە 550 خۆپێشاندەر هەبووە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.