Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 03:25

دەرهێنان  لەبەختە بارانەدا 

دەیان دیمەن هەن، كە گۆشەی كامێرای تێدا نەگۆڕاوە
کوردستان TV
100%

 بەشی چوارەم                              
بەختە باران ـ ئەزموونێکی تری د. نیاز لەتیفە لەبواری دەرهێنانی زنجیرەی درامادا، بەڵام زۆرینەی كارەكانی پێشووتری نواندن بووە  وەك ئەكتەی شانۆی و درامی،  رەنگە بۆ ئەو كارێكی ئاسان نەبێت خۆی لەقەرەی  ئەزموونێكی  وا قورس داوە، کاری دەرهێنان کارێکی پیشەیی و هونەرییە و کەم لە ئەکتەرەکان بوێری خۆ لێدانیان هەیە لە هونەری دەرهێنان، ، ئەگەرچی مێژوویيەكی دوورو درێژییشان هەبووە  لەگەڵ  نواندندا، بەڵام هەرگیز  رێگەیان  بەخۆیان نەداوە كاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی یا سینەمایی  ئەنحام بدەن، ئەوەتا كاتێ‌ پرسیار لە( تۆم كرۆز) ی ئەكتەری ناسراوی ئەمریكی دەكرى ، كە بۆچی كاری دەرهێنان ناكات دەڵێ‌: ئەگەر هەوادارەكانم هەواڵێكی وا ببیستن رەنگە بە شێتم ناو بەرن.

د. نیاز لەتیف  وێڕای ئەو ئەركە قورسەی وەك دەرهێنەر، لەهەمان كاتیشدا وەك ئەكتەرێكی زنجیرەكە كاری نواندنیش دەکات، بۆیە کارێکی چاکی کرد، کە لەو دواییەدا ئەو کاراتەرەی مراند
بێگومان  هەر بەرهەمێكی درامی  پێویستی  بەكاتێكی دیاری كراو هەیە بەپێی  كورت و درێژی بەرهەم ، بەڵام تۆ بڵێ‌ ی زنجیرە یەكی هەشتا ئەلقەیی، پێویستی  بەچەند كات هەبێت، بۆ دیاری كردنی لوكێشن و  پرۆڤە كردن و وێنە گرتن و دووبارە كردنەوەی تۆمار كردن و رێك خستنی رووناكی و دیكۆرو جلو بەرگ و دەنگ و كارە هونەرییەكانی تر؟
بێگومان قەیرانی كات  وا  لەدەرهێنەر  دەكات،   لەسەر زۆر لەو وردەكارییە هونەرییانەدا باز بدات، ئەوەتا  بۆشاییەكان  لەبەرهەمەكەدا بە زەقی دیارن، بەتایبەت لەبواری دیاری كردنی لوكێشن و فلات بوونی  رووناكی و گیرو گرفتەكانی وێنە گرتن و  دووبارە نەكردنەوە و هەڵبژاردنی یەك گۆشەیی وێنە و فەرامۆش كردنی رووناكی 
لەبەرهەمەكەدا دەیان دیمەن هەن، كە گۆشەی كامێرای تێدا نەگۆڕاوەو تا تەواو بوونی دیمەنەكە یەك گرتەیە، یا تەنیا  لوكێشنێك  بۆ چەندین  گۆشەی جیا حیا  تەرخان كراوە، رەنگە ئێستا بوار نەبێت یەكە یەكەی ئەو دیمەنانە بیر بینەر بهێنمەوە 
لە دەستپێكی  زنجیرەكەدا  تا دەگاتە  ئەلقەی دەیەم،  ریتمی دراماكە زۆر خێرایە، ئەو خێراییە وای كردووە ، دیمەنەكان  بە سەرپێیی تێپەڕن و كەمتر بوار بۆ بینەر بە جێ‌ بێڵن  بۆ ناسینی كاراكتەرەكان و وەرگرتنی بیرۆكەی سەرەتایی  فەلسەفەو ئامانجی دراماكە، رەنگە سیناریۆ كاریگەری بەسەر ئەم دیاردە هەبوو بێت، بەڵام  دەرهێنەر دەبوا بەخەیاڵی خۆی،  بونیاتێكی نوێ‌ ی وێنەیی بۆ سیناریۆكە بكات  لە رێگەی وێنەو زمانی كامێراوە   
هەر ئەو ریتمە خێرایە وای كردووە  رەگەزی چێژ لە دراماكەدا بە دەگمەن بێت ، بێگومان سەرچاوەكانی چێژیش لە درامادا دیارن لەوانە:
1.چێژ لەرێگەی دروست كردنی لوكێشنی سەرنج راكێش  لەوانەی ستاتیكایەك  بۆ بینەر دروست دەكەن.
2.چێژ لە رووناكی، كە بەرجەستەی دیمەنەكان دەكات و لە رێگەیەوە  نەك هەر زەمەن، بەڵكو دەبێتە بەعێزترین ئامراز بۆ گوزارشت كردن لەدیوی ناوەوەی ناخی ئەكتەر لە حاڵەتەكانی نیگەرانی، ترس، خۆشی، هەموو حاڵەتە دەروونییەكانی تر.
ئەو رەگەزەش لەبەختە بارانەدا ونەو لەكەم دیمەندا هەست بە بەها هونەريی و سایكۆلۆژیەكانی دراماكە دەكەیت، بەڵكو بەگشتی هاوێنەی كامێرا هەمیشە كراوەیەو وێنەكان بە فلات نیشان دەدەن، جگە لەدیمەنە تاریكەكانی لفڕاندنی سەنگەرو وەرگرتنەوەی لەلایەن زوبیرەوە نەبێت ، لەوێش نەتواندراوە رووناكی وەك پێویست تەوزیف بكرێ‌ ، بە ڵكو دیمەنەكان لە ناو تار یكی دا خنكاون .
3 .رەگەزی موزیك ـ كە ئەویش هاوشێوەی رووناكییە و پەیوەستە بە ریتمی  نواندنی ئەكتەرو ریتمی رووداوەكان، چونكە لە كاتی وێنەگرتن دا سێ‌ ریتم بە یەكەوە  دەڕۆن ، كە بریتین لە:
ریتمی نواندن 
ریتمی كامێرا     
ریتمی موزیك 
ریتمی رووناكی
 بەهەموو  ئەو رەگەزانەوە  ئینجا دەاوانین دیمەنێكی  درامی  دروست بكەین ، كە هەم بینەر لەگەڵ خۆیدا بوروژێنێ‌، هەمیش جوانییەك  بەدراما ببەخشێت .
لە زۆرینەی دیمەنەكاندا بینەر هەست بە ون بوونی بە رێوەچوونی ئەو رەگەزانە ناكات، بە دەیان دیمەنی نیگەرانی و دیالۆژی دەروونی هەیە ، كەچی بەهۆی  تێر نەكردنیان بەو دیمەنانە بە مردوویی بە جێ‌ ماون، یاخود ئەكتەر جوانترین پێرفۆرمانس ئەنجام دەدا ، بەڵام بە تەنیا هیچی بۆ ناكرێ‌  و هەست و ئیحساسەكانی نواندنی لە بار دەچن .
ماوه‌یه‌تی

ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولرحمان

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.