لە ئاکامی هێرشێکی داعش بۆسەر خێزانی کارمەندێکی پۆلیس لە سنووری پارێزگای ئەنبار، سێ کەسی خێزانەکە کوژران و چواری دیکەیش برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق رایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشێکی داعش بۆسەر خێزانی کارمەندێکی پۆلیس لە سنووری پارێزگای ئەنبار، سێ کەسی خێزانەکە کوژران و چواری دیکەیش برینداربوون.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش، هێرشیانکردووەتەوە سەر ماڵی کارمەندێکی پۆلیس لە ناوچەی ئەبو زیبان رۆژهەڵاتی شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار.
ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ئاکامی هێرشەکەدا، سێ کەسی خێزانی کارمەندەکەی پۆلیس کوژراون و چواری دیکەیش برینداربوون کە ژمارەیەکیان ئافرەتن.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە بەم دواییانە، هێرشی داعش بۆسەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی لە سنووری پارێزگای ئەنبار زیادی کردووە، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە هێزە عێراقییەکان بەردەوامن لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە بیابانەکانی ئەو پارێزگایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.