Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 01:17

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بڕیار وایە یەکەم دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی2021 ئەنجام بدرێت

بڕی (960،000) دۆلاری ئەمریکی تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەل و مەشق کردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی
کوردستان TV
100%

لە دوای هێرشی تیرۆیستانی داعش حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی خستەگەڕ و چەند تیمێکی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕێکەوتی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر و ئازادکردنیان، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمنت کردنی تاوانەکانی داعش دامەزراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) کەیسی رفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کەیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە، لەرووی دەروونییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری راوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون. ئێستا حکومەتی هەرێم لە رێگای نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی هەرێم دەکات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە.

دەربارەی کاری پێشینەی تیمەکە زێباری رایگەیاند: کەیسی ئێزیدییەکان و ئەو تاوانانەی لە شنگال ئەنجامدراون و کەیسی سپایکەر کاری زۆریان لەسەر کراوە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوان و دیکیۆمێنت کردنیان. سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە دەشتی نەینەوا دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری ئەم ناوچەیە ئەنجامدراون وەک سوننە، ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی، شەبەک و تورکمان، ئەمانە دووچاری دەستدرێژی و رفاندن بوونەتەوە هەروەها شوێنە پیرۆز و کەلتوورییەکانیشیان لەلایەن داعشەوە خاپوورکراوە.

کەیسەکانی دەشتی نەینەوا تا راددەیەک ئاڵۆزن بۆیە لێکۆڵینەوەکانیش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تا ئێستا مەترسییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و خزمەتگوزاری پێویستی ژیانی رۆژانە لە ناوچەکە نییە و زۆربەی دانیشتوانی نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بە دیکیۆمێنت کردنیان وتی: تیمی یۆنیتاد بڕێکی زۆر زانیاری دەستکەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆربەی ئەو بەڵگە نووسراوانەی کە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش دەستیان کەوتووە دیکیۆمێنت کردووە و تا ئێستا زانیاری لە بارەی دەیان هەزار کەیس کۆکراوەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە (14.5) تیرابایت، هەروەها تیمی ناوبراو بڕی (960،000) دۆلاری ئەمریکی تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەل و مەشق کردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ کارکردن لە چوارچێوەی یۆنیتاد، و بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی کاری لێکۆڵینەوەی تیمەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو دەست پێبکات.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر تیمی نیشتمانی عێراق کە کار دەکات لەگەڵ یۆنیتاد وتی: بڕیار وایە تیمێکی پسپۆرانی نیشتمانی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت بۆ کارکردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆهەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون کە بە گوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەگاتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵ.

تیمی دادوەرانی عێراق کە هەرێمیش لەخۆ دەگرێت، یۆنیتاد پرۆگرامێکی مەشق و راهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەکات، چونکە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگایی کردنیشدا ئامادە دەبن، کە بڕیار وایە یەکەم دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە رۆڵی هەرێم لە تیمی پسپۆر و دادوەرانی نیشتمانی عێراق لە چوارچێوەی یۆنیتاد رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: یۆنیتاد ژمارەیەکی ناوی پێشکەش کرد وەک پسپۆڕی نیشتمانی، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دەرفەت بدرێت بە (دادوەران، کەسانی شارەزا و چالاکوانان) بۆ کارکردن وەک پسپۆڕی نیشتمانی لە چوارچێوەی یۆنیتاد، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ دڵنیا بوون لەوەی هیچ گرفتێکیان نییە بەتایبەتی لەرووی ئەمنییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن خۆمانەوە چەند دادوەرێکمان پێشنیار کرد کە بۆ ماوەیەک راستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە و شارەزاییەکی زۆریان هەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان و قەرەبووکردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەکی عادیلانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.