Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 01:19

دوو دراما و دوو سەرنج

درامای تەلەفزیونی بە گشتی لە سەر سێ چیرۆک دادەڕێژرێت
کوردستان TV
100%

لە  ڕۆژانی ڕابردوودا بە شەوقەوە چاوەڕێی دوو کاری درامای کوردی بووین، گەر چی هێشتا دراماکان تەواو نەبوون، ناتوانیین شیکارێکی ئەکادیمیانە بۆ کۆی دراماکە بکەین، وەلێ مافی ئەوەشمان هەیە کە سەرنجێکی خۆمان دەربڕین، لەبەرئەوەی چەند کاتژمێرێکی کاتی خۆمان بەخشیوە بەم درامایانە، دیارە مەبەستم بە گشتی ڕووانەرانە. 
لێرە و لەوێ زۆر باس لەسەر هەردوو دراماکە دەکرێ، ئایە ئەمانە ڕەخنەن، یان تەنها دەبڕینی سەرنجی ڕووانەرانە؟ زۆربەی سەرنجەکان لەسەر چیرۆکی دراماکان نووسراوون، ئەم سەرنجانە دەبێ نووسەری دراماکان بە هێند وەریگرن، تاوەکو لە کاری ئایندەیاندا سوودی لێوەرگرن، خواستی نووسەرە لە ڕێگای چیرۆکەکانیەوە دڵی زۆرینەی ڕووانەران ڕازی بکات.
گەر بمانەوێت بە شێوەیەکی ئەکادیمیانە لەسەر چیرۆکی دراماکان بنووسین دەبێت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی شیکاری بۆ بکەین، ئەم بنەمایانە کۆڵەکەی نووسینی درامان، لێرەدا بە تەنها باس لە سیناریۆی دراماکان دەکەین، نەک وێنەگرتن و دەرهێنان و مونتاژ و ئەکتین هتد... بۆ ئەوەی باسەکەمان دوور و درێژ دەرنەچێت تەنها بە خاڵ  بنەما سەرەکیەکانی نووسین دیاری دەکەین.
1. ژانرای چیرۆکەکە 
2. سینۆپسی (پوختە) چیرۆکەکە 
3. بیرۆکە و چیرۆک 
4. میتۆدی نووسین
5. سترەکچەری درامی
6. گرێ درامیەکان
7. دایەلۆگ
8. کارەکتەرەکان
ئەمانە ئەو بنەما سەرەکیانەیە کە وێنەی جوڵاوی پێ دەنووسرێ، شیکاریەکانیشمان دەبێ لەسەر ئەم کۆڵەکانە بنووسرێ. لێرەدا وەک سەرنجێ بۆ دراماکان بەگشتی قسەی لەسەر دەکەم، هیوادارم لە کۆتایی دراماکاندا دەرفەتم بۆ بڕەخسێ لەسەر ئەو بنەمایانەی ئاماژەمان پێدا بنووسم.   
کاتێک لە دراماکان دەڕوانی هەست بە بۆشایەکی زۆر لە چیرۆکەکاندا دەکەیت، بەیەکداچوونی ئەو هەموو کارەکتەرانە بێ ئەوەی بزانی کێیە پاڵەوانی چیرۆکەکە. پاڵەوان ئەو کارەکتەرە نیە کە زۆرترین کاتی سکرینەکە داگیر بکات. پاڵەوان دەبێ ئامانجێکی هەبێ، کۆشش بۆ ئەو ئامانجە بکات تاوەکو بەدەستی بهێنێت. بە گشتی کارەکتەرە سەرەکیەکان ئامانجەکانیان ڕوون نیە، لە بەرامبەر ئامانجی پاڵەوانەکەدا کەسێک یان چەند کەسێک دژی ئەم ئامانجەبن، کێشە و بەربەستی بۆ دروست بکەن تاوەکو بە ئاسانی ئامانجەکەی دەستەبەر نەکات، یان هەر هیچ نەبێ کاتەکەی دوا بخەن.
ئەمەی ئاماژەمان پێدا کۆڵەکەیەکی سەرەکی نووسینی درامایە، گەر ئەم کۆڵەکەیەت هەبوو، تۆ دەبیتە خاوەنی چیرۆکێکی پڕ لە ململانێ، ململانێ مەبەستمان شەڕ و تەقە نیە، هەندێکجار پاڵەوانەکە لەگەڵ خۆیدا دەکەوێتە ململانێ، بەم جۆرە دەتوانی سەرنجی ڕووانەران بۆ لای خۆت ڕاکێشی، پرسیارەکە ئەوەیە ئایە پاڵەوانێکمان بینی خاوەنی ئەم هێزە بێت؟ ئایە نەیارێکمان بینی خاوەنی توانای ئەم ڕووبەڕوونەوەیە بێت؟ ئایە چیرۆکە سەرەکیەکە لە چواردەوری پاڵەوانەکە دەخولایەوە؟ ...هتد.....
درامای تەلەفزیونی بە گشتی لە سەر سێ چیرۆک دادەڕێژرێت، چیرۆکێکی سەرەکی کە پاڵەوان و نەیاری دیار بێت، هەروەک ئەوەی ئاماژەمان پێدا، دووەم چیرۆکێکی بچووکتر لەوەی یەکەم، بەڵام دەبێت ئەم چیرۆکە لینکی بە چیرۆکە سەرەکیەکەوە هەبێت، سێیەم چیرۆکێکی کۆمیدی تاوەکو ڕووانەران بێزار نەبن لەو شەڕ و ململانێیە، ئەم چیرۆکەش بە هەمان شێوە دەبێت لینکی بە هەردوو چیرۆکەکەوە هەبێت. ئایە چیرۆکەکان ئەم لینکانەیان بە یەکدییەوە هەبوو؟ ئایە لە چیرۆکەکاندا ململانێ هەبوو؟ ئایە چیرۆکەکان بە پلان ململانێکانیان لە هەڵکشاندا بوو؟..هتد...
سترەکچەری درامی لە هەردوو دراماکەدا وونبوو! سترەکچەری فیلم ئەوەی کە ستۆری تایپە لە زۆربەی دنیادا کاری لەسەر دەکری، سێ ئاکتە، بەڵام لە درامای تەلەفیزیۆنیدا کار لەسەر پێنج ئاکت و حەوت ئاکت دەکەن. ئەم باسە قسە زۆر هەڵدەگری بۆ نووسینێکی دیکە.
توانستی نووسەری درامی لە ڕیزبەندی دیمەنەکاندا دەردەکەوێ، ئەم ڕیزبەندیە چیرۆکەکان دەچنێ بە یەکەوە و هۆنینەوەیەکی ستاتیکی دەبەخشێ بە ڕووانەران. ئایە ئەم ڕیزبەندیانە لە درامەکاندان لە خزمەتی چیرۆکەکاندا بوو؟ ئایە ئەم ڕیزبەندیانە توانی ئاستی ململانی لە نێو دراماکاندا بەرز بکاتەوە؟ ئایە ڕیزبەندی دیمەناکان چنرابوو بەیەکەوە؟ ئایە ڕیزبەندی دیمەناکان بۆ مەبەستی چوونە پێشەوەی چیرۆکەکان بوو؟
ئاراستەکردنی ئەم پرسیارانە بۆ خۆم نەبوو، بەڵکو بۆ دروست کردنی ئارگومێنتێکی کراوە بێت لە نێوانماندا، تا سوودی لێوەرگرین بۆ کاری ئایندەمان، بۆ هەردوو نووسەری دراماکە تا لە کاری ئایندەیاندا سوودی لێوەرگرن!!

ن:دارۆئه‌زیز 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.