Erbil 38°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 01:22

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و کونسولى ئه‌مه‌ریکا دۆخى هه‌رێم و عێراق تاوتوێ ده‌که‌ن

كونسولى ئه‌مه‌ریكا پشتگیری وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

 نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى پاراستنى ته‌بایى و یه‌كڕیزى و پێكه‌وه‌كاركردن و سه‌قامگیریى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌موو لایه‌ك بتوانرێت سه‌ختییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ له‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانى دارایى و ئابوورى و لێكه‌وته‌كانى دیكه‌ى په‌تاى كۆرۆنا تێپه‌ڕێنێت، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌م پێناوه‌دا له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت.

 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/5/2020 له‌ هه‌ولێر له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ستیڤن فه‌یگن كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان بۆ حكوومه‌تى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمى، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئابوورى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئه‌رك و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌م حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق، هه‌روه‌ها پرسى دیالۆگى ستراتیژیى ئه‌مه‌ریكى ـ عێراقى و ئاماده‌یى و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانیان له‌و دیالۆگه‌دا تاوتوێ كرد و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، خسته‌ به‌ر باس.

دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێز كونسولى ئه‌مه‌ریكا ده‌ستخۆشى له‌ هه‌وڵ و ڕێكاره سه‌ركه‌وتووه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ كرد و هاوكارى و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكاى له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و جموجووڵ و مه‌ترسییه‌كانى داعش و پێویستى و گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتیوانیى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا، هه‌روها باس له‌ دۆخى سووریا كرا و به‌ڕێز كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا سوپاسى هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى سووریادا كرد.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.