مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 58هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی یەکێتییەکە کرد و تیایدا پاڵپشتی حکومەت بۆ مامۆستایان دووپات دەکاتەوە.
دەقی پەیامەکە:
بەبۆنەی پەنجا و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و گشت ئەندامانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم .
مامۆستایانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ و دیاریان لە پێگەیاندنی رۆڵەکانی کوردستاندا گێڕاوە و لە شۆڕشەکانی کوردستانیشدا بەشدارییەکی کارایان کردووە و هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنێ کە سەڕەڕای هەموو دۆخە سەختەکانیش بەردەوامن لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردەیی و بە جێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا. بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خزمەتکردنی مامۆستایان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/5/14
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.