Erbil 38°C یەکشەممە 13 تشرینی یەکەم 07:20

پارێزگای سلێمانی ژماره‌یه‌ک رێکاری نوێی راگه‌یاند

لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆبووه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیار و رێكاری نوێی ده‌ركرد، به‌گوێره‌ی بڕیاره‌ نوێیه‌كان، سه‌رجه‌م ده‌روازه‌، مه‌رز و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و رێگاكانی نێوان ئه‌و پارێزگایه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش به‌پێی رێنماییه‌كانی پێشوو به‌دره‌وام ده‌بێت.  

بڕیاره‌كانیش بریتین له‌:

1- هەموو دەروازە و مەرز و خاڵە سنوورییەكان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و گەشتیاران بە داخراوی دەمێننەوە و كاتی پێویست دیاریدەكرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین بۆ هەرێمی كوردستان، بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و رێنمایی تەندروستییە كارپێكراوەكان، ئەمەش تەنها لە رێی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە دەبێت.

٢- ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و جوڵەی بازرگانیی بەهەمان شێوەی رێنماییەكانی پێشوو بەردەوام دەبن.

٣- بازگەكان لەگەڵ شارەكانی دیكه‌ی عێراقدا بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا بە داخراویی دەمێننەوە و تەنها رێگه‌ بە جووڵەی بازرگانیی و ئەوكەسانە دەدرێت، كە لە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان.

٤- تێرمیناڵەكانی گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان تا كاتێكی نادیار ناكرێنەوە و رێگه‌ بە هاتنە ناوەوەی هیچ ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی گشتی (تاكسی و پاس و مینی پاس)ێك نادرێت لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە، بێنە ناو هەرێم، بەتایبەتی سنوری ئیداریی پارێزگای سلێمانی.

٥- هەركەسێك لە هەر شوێنێكی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە دوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی، كه‌رەنتینە دەكرێت‌و پێویستە پابەندی تەواوی رێكارو رێنماییە تەندروستییەكان بێت.

6- قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان رێكاری پێشوو بەردەوام دەبێت و، هەر فەرمانگەیەكی فەرمیی بە كاری رەسمیی پێویستی بە هاتووچۆ هەبێت رەزامەندیی لە پارێزگای سلێمانی وەردەگرێت.

٧- فڕۆكەخانەكان بە داخراویی دەمێننەوە و هەر گەشتێك بۆ دەرەوەی وڵات یان هاتنەوە بۆ وڵات پێویستی بە رەزامەندیی فەرمیی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمەش تەنها بۆ حاڵەتی مرۆیی و ئەو وەفدە نێودەوڵەتیانەی لە بەیانەكانی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون.

٨- چاودێری زیاتری سنورەكان دەكرێت و رێ لە هەر هاتنەوەیەكی یاساغ و قاچاخ دەگیرێت ‌و رێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

٩-هاتنی گەشتیار بۆ سنووری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی قەدەغەیە.

١٠- دەسەڵات بە قائمقامیەتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەدرێت، بۆ رێكخستنەوەی رێنماییەكان بەپێی تایبەتمەندیی سنوورەكانیان.

١١- تیمەكانی تەندروستیی بەردەوام دەبن لە چاودێریی و خۆپاراستن و چارەسەری تەندروستی ‌و هەڵمەتەكانی پشكنین و وەرگرتنی سامپڵ.

١٢- پرسە و چوونە سەر قەبران و بۆ جەژن و ئاهەنگ و بۆنەكان و هەموو كۆبوونەوە و تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنێك قەدەغەن و پێویستە هەموو لایەك پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن.

١٣- مزگەوت و پەرستگه‌كان كراوە دەبن بەپێی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و وەزارەتی تەندروستیی دیارییان كردوون، هەر سەرپێچییەك دەبێتە هۆی داخستنی ئەو شوێنەی سەرپێچییەكەی تێدا دەكرێت.

14- جەژنی رەمەزان لە هەموو هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و كوردستان و جیهان پیرۆز دەكەین، داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەین، پابەندی تەواوی رێكارو رێنماییە تەندروستییەكان بن و خۆیان لە گەڕانی ماڵان و گەڕەكەكان و هەر تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتنێك بەدوور بگرن و خۆیان لە رەفتار و هەڵسوكەوتە نەریتیی و باوەكان بپارێزن.

١٥- تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی و شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بەردەوام دەبن لە دەرمانپژێنكردنی مزگەوت و پەرستگه‌و شوێنە گشتیەكان.

١٦- تیمە هاوبەشەكانی لیژنەی ئارامیی سلێمانی بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی بەردەوام لە شوێنە گشتیەكان ئەنجام دەدەن ‌و بۆ پێدانی رێنماییە خۆپارێزییەكان بە هاووڵاتیان.

١٧- داوا لە هەموو دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندن كرا، وەك ئەركێكی مرۆڤایەتیی و نیشتمانیی و تەندروستیی رۆڵی خۆیان لە ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان و دوورخستنەوەیان لە مەترسییە بەردەوامەكانی كۆرۆنا و پابەندبوونیان بە رێنماییە تەندروستیەكانەوە، وەك هەمیشە، ببینن.

١٨- باڕو رێستۆرانتەكانی شەوانە تا دوای جەژنی رەمەزانی پیرۆز ناكرێنەوە، دواتریش پێویستە پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستیی و گەشتیاریی و كارگێڕیی و ئارامییەكان بن و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت، بۆ مەبەستی دیكه‌ بەدەر لە رێنماییەكان بەكاربهێنرێن.

١٩- بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی راسپێردرا، كە بەهیچ شێوەیەك مۆڵەت بۆ ئەو كافتریا و رێستۆرانتانە نوێ نەكاتەوە، كە دەكەونە شوێنەكانی نیشتەجێبوون و گەڕەكەكان و هەر شوێنێك كە لیژنەكانی قائمقامیەتی سلێمانی بە پەسەندی نازانن. هەر شوێنێك لەم شوێنانە نێرگەلەی تێدا دابنرێت پێویستە باخچە و شوێنی كراوەی هەبێت‌ و پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستیی و ئارامییەكان بێت، بەپێچەوانەوە دادەخرێت.

20- شوێنە گەشتیارییەكان بەپێی رێنماییە تەندروستیی و گەشتیارییەكان تەنها بۆ هاووڵاتیانی ناوخۆ دەكرێنەوە.

٢١- بە هەموو شێوەیەك سەردانیكردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتیی و تایبەتەكاندا قەدەغەیە و پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەم بڕیارە بن.

٢٢- رێكاری پێویست بەرامبەر هەر زیادەڕەوییەك بۆ موڵك و ماڵی گشتیی دەگیرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش دادگایەكی تایبەتمەند بە زیادەڕەوی لە سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەهەماهەنگیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكه‌ دەستبەكار دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.