Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 17:19

ئەی ڕۆح، سا ڕەحمێ بە حاڵم

سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا بە سەركەوتنی مەزن دادەنێم
کوردستان TV
100%

جوبران خەلیل جوبران

ئەی ڕۆح، تا کەی ئەم گریانە
خۆ تۆ ئاشنای بە لاوازیم؟
تا کەی ئەم گلەیی و ناڵانە
من جگە لە پەیڤی مرۆیی
هیچی شتێکی دیکە شک نابەم
خەونەکانتی پێ وێنا کەم
ئەی ڕۆح، سا سەیر کە و بڕوانە
تەمەنی خۆم بە گوێگرتن
بۆ ئامۆژەی تۆ بەسەر برد
ئەی سەرچاوەی ئەشکەنجەی من.. ڕابمێنە
هێندە شوێنی هەنگاوەکانی تۆم تەی کرد
من جەستەی خۆمم وێران کرد
دڵم "شا"م بوو، ئێستا بەندەیی تۆ ئەکا
سەبرم هەردەم هاوڕازم بوو
لێ ئێستاکە لۆمەم ئەکا
لاوێتی هاونشینم بوو، وا ئێستا گازندە ئەکا
ئەمە هەموو ئەو شتانەن خواوەندەکان پێیان داوم
پێم بڵێ ئیتر، تەماعی چی لە من ئەکەی؟
دەسبەرداری خۆم و چێژەکانی ژیانم بووم
شکۆی تەمەنم جێهێشت و
ئێستا بەتەنها هەر تۆم هەی
دادپەروەرانە بمکوژە، دادپەروەری شکۆی تۆیە
یا مەرگ بانگ کە و ئازادم کە

ئەی ڕۆح، سا ڕەحمێ بە حاڵم
باری عیشقێکت داوە بە کۆڵما.. بەرگەی ناگرم:
تۆ و عیشق یەکتان گرتووە و
من و جەستەش.. لاواز و لە یەک جودا
ئاخۆ ئەم نەبەردەی نێوان تۆی بەهێز و منی لاواز
چەند درێژە ئەخایەنێ و بەکوێ ئەگا؟
ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم!
لە مەودایەکی گەلێ دوورەوە
بەختەوەریت پیشانم دا:
تۆ و بەختەوەری وان لەسەر چیایەکی بەرز و
من و بەدبەختییش لە قووڵایی دۆڵێکدا
ئاخۆ دیدار لەنێوان ئەو بەرزییە و ئەم نزمییەدا ڕووئەدا؟

ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم!
جوانیت پیشان دام و پاشان لێمت حەشار دا:
تۆ و جوانی وان لەبەر ڕووناکیدا و
من و جەهل.. لە تاریکیدا
ئاخۆ ڕووناکی تێکەڵ بە تاریکی ئەبێ؟
تۆ ئەی ڕۆح، بەر لە هاتنی ئاخیرەت، پێی شاد ئەبیت
لێ ئەم جەستەیە، کە هێشتا لە ژیاندایە
کەسەر و ئازار ئەچێژێ
زۆر خێرا بەرەو ئەبەدییەت ئەچیت
ئەم جەستەیەش بەکاوەخۆ.. بەرەو فەنابوون ئەچێ
نە تۆ کەمێ خاوتر ئەڕۆی، نە ئەویش کەمێ خێراتر
ئەی ڕۆح، ئەمەش ئەوپەڕی بەلەنگازییە
تۆ بەسۆنگەی هێزی کێشی ئاسمانەوە
بەرەو بەرزایی هەڵئەکشێی
ئەم جەستەیەش، لەسۆنگەی کێشی زەمینەوە
تابێ.. بۆ خوارەوە ئەچێ
نە تۆ دڵی ئەو ئەدەیتەوە و
نە ئەویش پیرۆزبایی لە تۆ ئەکا
ئەمەش خۆی لە خۆیدا کینەیە
ئەی ڕۆح تۆ بە داناییتەوە دەوڵەمەندیت
ئەم جەستەیەش لە سەلیقەدا هەژارە
نە تۆ ئەبووری و نە ئەویش دوات ئەکەوێ
ئەمەش ئەوپەڕی ئازارە
تۆ لە خامۆشیی شەودا ئەچیت بۆ ژووانی یار و
چێژ لە ئامێز و لێکئاڵانی ئەبینی
لێ ئەم جەستەیە، بۆ هەتاهەتایە کوژراوی تاسە و جوداییە
ئەی ڕۆح سا ڕەحمێ بە حاڵم،! 

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

كوردستان TV

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.