Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 19:34

دوا شەو وەک دوافێرژنی درامای کوردی

( تەرزو تەکنیک  لە درامای دوا شەو)
کوردستان TV
100%

حەمە سوار عەزیز
بەشی دووەم و سێیەم : ( تەرزو تەکنیک  لە درامای دوا شەو)
یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی دروستکردنی دراما مەسەلەی تەکنیک و ستایلی بەرھەمھێنانی درامایە، ئەمەش وەک خەسڵەتێک لە فۆرمی بینراو و ھەستپێکراوی دراماکە ڕەنگدەداتەوە، باڵابوونی تەکنیک فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرزبوونەوەی کوالیتی دراماو دروستکردنی وێنەیەکی خوازراو کە ھەموو ئیحساسەکانی بینەر تێربکات بە تایبەت کردەی بینین و شۆککردن ، لە ھەمانکاتتدا یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەوەی بینەر  زیاتر پەیوەست بێت بە دراماکەوە و پەرۆشی و حەماسی بینینی بینەر بەرز بکاتەوە و  سەرسامی بکات.

یەکێک لە فاکتەرە ھەرە گرنگەکان کە تەکنیکی درامای لەسەر بونیاد دەنرێت، ستایلی درامایە، ھەر ستایلێکی دراما پێویستی بە تەکنیک و ئیقاعی جیاوازە تا یارمەتی بەرجەستەکردنی ئەو ستایلە بدات و فۆرمی کارەکە ھاوتا و تەریبی ناوەڕۆک بکاتەوەو کۆنتاکتی باشتر بەو جۆرە بینەرە بکات کە ئەو ستایلە درامایەی بۆ دروستدەکرێت، بۆ نمونە لە درامای پۆلیسی و ئەکشندا جولەی کامیراو گۆشەکانی وێنەگرتن و کارتێکەرە دەنگی و ڕەنگییەکان جیاوازن لەگەل درامایەکی کۆمەڵایەتی واقیعی، بە ھەمان شیوە لە دراما فەنتازییەکان  کە زیاتر پشت بە خەیاڵ و واقیعی فەنتازی دەبەستن و کرداری سەروو ئاسایی و ناباو بەرھەم دێنن،  پێویستییان بە تەرزێکی تری تەکنیک و ئیقاعە کە جولەی کامیراو گۆشەکانی وێنەگرتن و ئیفێکتەکان دیاری دەکات، لە درامای ترس و راوەدوونان و تۆقینیشدا تەکنیکی تر و دیدگای تر ھەیە پشتی پێدەبەسترێت، لە درامای مێژوویی جولەی کامیراو گرتەو گۆشەکان ئیقاعێکی تایبەتیان ھەیەو کار لەسەر بەرجەستەکردنی جوگرافیاو زەمەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەھەندەکانی  فەخامەت و کەڵتوور و ڕەسانەیاتی و فۆرمی جلوبەرگ و بیناسازی تایبەت دەکەن، کە ئەمانە ھەموو بەیەکەوە ستایل و ریتمی تایبەت بە دراماکە دەبەخشن، بۆیە پێش ئەوەی دەرھێنەر بیر لە بەکاربردنی جۆرێکی دیاریکراو لە تەکنیک بکاتەوە، دەبێ بیر لە ستایل و تەرزی دراماکە  بکاتەوە تا بزانێت ئەو تەکنیک و ئیقاعە تا چەندێک گونجاو و تەریبە لەگەل ستایلی دراماکە و یارمەتیمان دەدات لە گەیاندنی بابەتی دراماکە  لە رێگەی دروستکردنی ھارمۆنیەکی گونجاو کە فۆرم و بابەت کۆبکاتەوە و پەسەندکراو بێت لای بینەر.
ئەگەر سەیری ستایلی درامای دوا شەو بکەین، دەبینین لە سەرەتادا درامایەکی کۆمەلایەتی واقعییەو ھەوڵدەدات لەنێو فەزایەکی جوگرافی و زەمەنێکی دیاریکراودا چیڕۆکی بەرکەوتنی چەند سەرمایەدارێک لەنێو فۆرمی کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەلایەتی و ئابوورییدا وێنا بکات و بینەر بەر دیوێکی شاراوەو نەبینراوی ئەو توێژە خەڵکە بکات کە لە بورجە عاجییەکان و لەنێو باخچەو ڤیڵای گەورە دەژین و چەندین گرووپ و کۆمپانیا بەڕێوەدەبەن کە دەستییان گرتووە بەسەر رەوشی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە جگە لە وێناکردنی ئەو دەرھاوێشتە کۆمەڵایەتیی و کەڵتوورییانەی نێو ئەم ڕووبەرە پاوانخوازییە کە تیاییدا شەڕی فراوانکردنی دەسەڵات و مانەوەو  تێکشکاندنی ئەویتر لە رێگەی بەکاربردنی فاکتەرە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان تا دەگاتە رووبەری تاوان و بەکاربردنی میدیا و دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان   .
ئەم درامایە لە دەسپێک وەک درامایەکی کۆمەڵایەتی واقیعی خۆی وێنا دەکات، دواتر لەنیوەی رێگا دەبێتە درامایەکی جیاواز و پڕدەبێت لە راوەدوونان و ئەکشن، لە قۆناغەکانی دواتریش دەبێتە درامایەکی پۆلیسی وھەواڵگری, ئیتر دراماکە ھەموو خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و واقیعییەکانی خۆی لە دەستدات و وەک درامایەکی بێ ناسنامە و پێناسە دەکەوێتە رووبەری دروستکردنی رووداوی سەرنجڕاکێش و ئەکشن و زۆرانبازی و ڕاوەدونان و ڕفاندن و شەڕە دەمانچە، رووداوگەلێک کە ناتوانن بەھانەی بوون و روودانیان ھەبێت و ناشتوانن یەکتری تەواو بکەن و لەسەر یەکتری بونیاد بنرێن، نوسەر بەپەلەپروزێ رووداوێک دروستدەکات و دەرفەت بە بینەر نادات ئەم رووداوە ھەزم بکات و دەرھاوێشتەکانی ئەو روواداوە بەسەر کردە درامییەکان و کارەکتەرەکان ببینێت، یەکسەر دەچێتە سەر رووداوێکی تر و ئەویتریان لەبیر بینەر دەباتەوە، چونکە رووداوەکان وەک یەکەی دابڕاو لە یەکتر گەشە دەکەن و بەشێوەیەکی ئاسۆیی ئیشیان لەسەر دەکرێت و یەکتری تەواو ناکەن و ھێلی سەرەکی دراماکە نابەنە پێشەوە، بە پێچەوانەوە ھەندێ رووداوی تێدایە ھیچ پاساوێکی نییەو ھیچ کاریگەریش بەدوای خۆییدا ناھێنێت، وەک رووداوی ڕفاندنی فریا لە لایەن ڕێناسەوە، ھەندێک رووداویش روودەدەن و دواتر باسیان نامێنێت و ھیچیان لەسەر دروست نابێت، وەک ئەو دیمەنەی کە کەیوان داوای شەش ملیۆن دۆلار لە ئەردەوان دەکات، یا ئەو دیمەنەی کە ژنی دووەمی ئەردەوان وەک رۆژنامەنوس خۆی دەکا بە کۆمپانیای ئارام و ئیحراجی دەکات، نمونەی لەمانە یەکجار زۆرن کە رووداوەکان پەرت دەکەن و ھەر رووداوەو  شوێن بە رووداوەکەی پێش خۆی دەگرێت و ھیچ لۆژیکێکیش لەو نێوەندە بوونی نییە، ئەوەی ھەیە تەنھا ئەوەیە کە نوسەرو دەرھێنەر دەیەوێت پێمان بڵێت کە  توانایەکی گەورەو جورئەتێکی گەورەی ھەیە لە دروستکردنی رووداو و شۆککردنی بینەر، بەڵام بیری لەوە نەکردۆتەوە کە ئەو ھەموو رووداوە دەبێ لە وێنە گەورەکەی دراماکە یەکبگرنەوەو نوسەر بتوانێت بەھانەی روودان و بەیەکەوە بەستنەوەو دەرھاوێشتەکانی دواتریان رەسم بکات و ھێلەکانی دراماکەی بەو ھەموو رووداوە تەنگەتاوەوە وەک تەزبیحێکی سەد دانەیی لێ نەیەت کە داواکەی دەپسێت و ھەر دەنکێکی بەلایەکدا پەرت دەبێت و دواتر بۆی کۆناکرێتەوە.
کێشەی زۆر لە ئیقاع و ریتمی دراماکە ھەیە، لەو دیمەنانەی (شەماڵی سەدەف_ ئیبراھیم حەکیم) تیاییدا دەردەکەوێت، دراماکە دەبێتە قاقا و بەزمی بەزم و دەیەوێت ئیقاعی درامایەکی کۆمیدی وەربگرێت، کۆمیدیایەک کە بەزۆر بەسەر دراماکە فەرز دەکرێت، کۆمیدیایەکی نەشاز لەگەل لۆکەیشن و پێگەی کۆمەلایەتی و ئابووری و پێناسەی کارەکتەر، بەتایبەتی کاتێ دەرھێنەر بۆ پارسەنگگردنی ئەدای ئیبراھیم حەکیم لەو درامایە دوو کارەکتەری  وەک حەمە و ھۆشەنگ دروستدەکات، بۆ ئەوەی ریتمی کۆمیدیا لەم درامایە بەرز بکاتەوە، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت کە ئەو جۆرە کۆمیدیا بازارییە چەند ناتەبایە لەگەل ریتمی گشتی دراماکەو بەشێوەیەک مرۆڤ وادەزانێت سەیری دوو درامای جیاواز دەکات، درامای شەماڵی سەدەف وحەمە و ھۆشەنگ لە لایەک،  درامای ئارام و کەیوان و ئەردەوان و ھاونازو فریاو رەوێن  لە لایەکی تر، ئەمەش بە ھۆی ئەو ئیقاعەن ناتەبایەی کە ئەم دیمەنانە لە یەکتری جیا دەکاتەوەو دراماکە دەکاتە دوو پارتی ناتەبا.
تەکنیک لە درامای دوا شەو:
بێگومانم ئەو خاڵەی کە ئەو درامایە لە کارەکانی پێشووتری جیا دەکاتەوە، رووبەری تەکنیکە، تەکنیک لەم درامایە  ھەموو دراما کوردییەکانی تێپەڕاندووەو دەرھێنەر ھەوڵیداوە تەکنیکێکی جیاواز لە دروستکردنی دراما بەکارببات، بەتایبەتی لە رووی کوالیتی بەرزی وێنە و گۆشەی وێنەگرتن و جولەی کامیرا و گرتە جۆراوجۆرەکان و مۆنتاژکردنی گرتەکان و رەسمکردنی ئیقاع و یاریکردن بە گۆشەنیگای بینینی بینەر و کۆنتاکتی لەگەل رووداوەکان، ئەم تەکنیکە وەک چۆن خاڵی بەھێزی دراماکەیە لە ھەمانکات بەھۆی لاوازی سیناریۆو داماوی نوسەر لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتی رووداوەکان و داماڵینی ئەم درامایە لە ئیقاعی واقیع و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی، دەبێتەوە خاڵێکی نەرێنی و باری دراماکەی قوڕستر کردووە، شێوەو فۆرمێک کە بەدەست ناوەڕۆک و بابەتێکی لاوازی ناموقنیع و پڕ رووداوی ساختەو بێ ئەرزش گیڕۆدە بووە، بەتایبەتیش ئەگەر لە ڕوانگەی رێکلام و بەبازاڕکردن سەیری ئەم درامایە بکەین، دەبینین رووبەرێکی گەورەی ئەو درامایە بۆ رێکلام کردن و بە بازاڕکردنی شوقەو ئۆفیسەکانی تاوەری بازرگانی و ئیم ئاڕ ئیف و مۆبیلیاتی سەدەف و سەیارەی جاکوارو مارسیدس و رەنجڕۆڤەرە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم درامایە دەچێتە ھەزاران ماڵ کە لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدان و ناتوانن خەون بە خانۆچکەیەکی سەد مەتری و سەیارەیەکی ڤیکتراش ببینن، ئەمەش دابڕانێکی کۆمەلایەتی گەورە  دروستدەکات و تووڕەییەک لای خەڵک بەرھەم دێنێ کە ڕەنگە شیرازەی کۆمەڵگا بشێوێنێت، لە کاتێکدا تاکە ماڵێکی ھەژارانە کە نیشان دەدرێت رێک گوزارشت لەو قینە کۆمەڵایەتییە دەکات کە ئەو جۆرە وێنانە دروستیدەکەن.
جولەی کامیرا و گۆشەکانی کامیرا و جۆری گرتەکان و بەکاربردنی ئەو تەکنیکە بەرزە لەو درامایە لەڕووی دەنگ و ڕەنگەوە، پێشکەوتنێکی گرنگە لە درامادا، بەڵام بێ ئەوەی بتوانێت فۆرمێک بۆ دراماکە دیاری بکات، دراماکە ھیچ پێناسەیەک ھەڵناگرێت، لەلایەکی تر بەکاربردنی ئەو شێوازە تەکنیکە ھاوردە کراوە  دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی درامای کوردی خەسڵەتەکانی پەیوەست بوونی بە واقیعی کوردی و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی  لەدەست بدات و ببێتە کۆپییەکی ساختەی  درامای تورکی، ئەمەش پرسێکە دەبێ ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە مەعلومە ھەموو ئەوانەی کە لە پشت ئەو تەکنیکە بەرزەن کە لەو درامایە پیادە کراوە، تورکن و کورد نین،  ئاسایشە کە ئەوان بەو مۆرکە کار بکەن کە لەسەری ڕاھاتوون، رەنگە ئەم تەکنیکەش بۆ کۆمەڵگەی تورکی نۆرماڵ بێت کە کۆمەڵگەیەکە پشت بە گەشت و گوزار دەبەستێت و ھەوڵدەدات ژیان لە تورکیا بەشێوەیەک نیشان بدات کە گەشتیاری بۆ پەڵکێش بکات، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی کوردی و لەو کاتەی کە دراماکە سنووری بینەری خۆمان تێناپەڕێنێت و ھەر لەنێو کەناڵە میدیاییەکانی خۆمان پەخشدەکرێت، کارێکی زۆر نەشیاوەو خۆڵکردنە چاوی بینەرە، کاتێک ھەوڵدەدات ھەموو ھەولێر لە رووبەری سەنتەری بازرگانی و ئەمپایەرو شوقەکانی روئیا و ئیم ئار ئیف و کۆمپانیای سەدەف و چەند ڤیللایەکی گرانبەھا کورتبکاتەوە، ئەمە دابڕانێکی مەبەستدارە لە واقیع دەچێتە ڕووبەری کۆمەڵێک ڕاڤەو لێکدانەوەی تر کە دواتر زیاتر ھەڵوەستەی لەسەر دەکەین.
ئەم درامایە باسی مافیا دەکات، مافیاش نەوەکو ھەر بەرھەمی شار نییە بەڵکو بەرھەمی میترۆپۆڵە، کۆمەڵگەی دوای شار،چونکە بوونی مافیا مانای بوونی عەقڵی گەورەی تاوان و بە دامەزراوەکردنی تاوانە، لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و جووتیاری وەک کۆمەڵگەی کوردی کە ھیچ دامەزراوەیەکی شارستانی و نا شارستانی نییە، کۆمەڵگایەکە تەنانەت ناتوانێت ببێتە کۆمەڵگایەکی دەربەگایەتی دامەزراو، تا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێ فۆرم و ناونیشانەو پڕۆسەی عەقڵ و بیناکردن لەسەر عەقڵ و سیستەم تیاییدا غائیبە،ئەم کۆمەڵگایە ناتوانێت مافیا بەرھەم بێنێت، دەتوانێت باندی دزی و راوڕووت دروست بکات، بەڵام مافیا دامەزراوەیەکی ترە و ڕەنگدانەوەی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھەیە، ئایا تا ئێستا ھیچ عەقڵێک لە کۆمەڵگەی کوردی ھەیە بتوانێت دامەزراوەی مافیا بەڕێوە ببات و تۆڕی مافیایی گەورە دروستبکات و تاوان بە ھەموو جیھان لە رێگەی عەقڵێکی بەئاگاو سیستماتیکەوە ئەنجام بدات؟ 
تەکنیکێکی گرنگ لەو درامایە کە دەرھێنەر زۆر بە جوانی کاری لەسەر کردووە، تەکنیکی بەکاربردنی فلاشباگە، فلاش باگ بۆ ئەو رووداوانەی کە پێشتر بینەر نەیبینیووەو لە رێگەی فلاشباگەوە پێی نیشاندەدرێت و بەو ھۆیەوە لە کۆمەڵێک رووداو تێدەگات کە لە دراماکە روودەدەن و  بینەر لە کاتی روودانیان تووشی شۆک دەبێت،  دواتر دەرھێنەر لە رێگەی فلاشباگەوە ئەوە بۆ بینەر رووندەکاتەوە کە ئەمە چۆن روویداو پەیوەندی نەھێنی کارەکتەرەکان ئاشکرا دەکات، ئەم تەکنیکەش تەکنیکێکی تازە نییەو لە زۆرێک لە دراما بیانییەکان کاری لەسەر کراوە، بەتایبەتیش لە درامای کۆری (دۆنگیی) کە زۆر بە چڕی کاری لەسەر ئەو تەکنیکە کردبوو، بەڵام بۆ درامایەکی کوردی کە بەو شێوە ئەو تەکنیکە تەوزیف بکات، خاڵێکی ئیجابی و ئەرێنییە و ھەنگاوێکی گرنگە، مۆنتاژیش لەم درامایە کە مۆنتێرێکی کورد کاری تیاکردووە یەکێکە لە رووە جوانەکانی ئەم درامایەو فاکتەرێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ریتم و بەرزکردنەوەی ئاستی پەرۆشی و پەیوەستبوونی بینەر بە دراماکەوە لە رێگەی ئەو تەکنیکەی کە پیادەی دەکات، ھەرچەندە لە ھەندێ دیمەنیش ھەست بە ھەڵەی گەورە دەکرێت لە مۆنتاژدا، وەک ئەوەی لە دیمەنێک ئاراز (یونس حەمە کاکە) دووجار ھەمان دیالۆگ دووبارە دەکاتەوە دیارە تێکێکی ترە بەسەر مۆنتێر تێپەڕیووە، یا لە دیمەنێکی تر شەماڵی سەدەف لەسەر قەنەفەیک پاڵ دەکەوێت، دواتر زەمەنێکی زۆر و کۆمەڵێک رووداو تێدەپەڕێت، کەچی جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر ھەمان دیمەن کە شەماڵ تازە لەسەر قەنەفەکە ھەڵساوە، لێرە کورتبینی ھەیە لە پێوانەکردنی زەمەن.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێ ئەوە  بڵێم کە کارۆخ وەک شانۆکاریش زۆرترین بایەخی بە قەبارەو جۆری سینۆگرافیا داوەو ھەندێ جار ئەو سینۆگرافیایە بە نەرێنی بەسەر نمایشە شانۆییەکانیشی ڕەنگیداتەوە کاتێ نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لە گوتاری نمایش و تەنھا لەو فۆرمە ماوەتەوە کە بینەر سەرسام بکات بێ ئەوەی بەرکەوتنی درامی و ئێستاتیکی بەسەر نمایشەوە ھەبوو بێت، دواترین کاری شانۆیی کارۆخیش باشترین نمونەی ئەم بۆچوونەیە، بۆیە لەم درامایەشدا کارۆخ نەیتوانیوە لەم دیدگایە دەربازی بێت و زۆرترین بایەخی بە سینۆگرافیا داوە بەڵام نەیتوانیوە ئەو سینۆگرافیایە بە بابەت و چیڕۆکی دراماکە ببەستێتەوە و بیکاتە خاڵی ھێز بۆ دراماکە. (ماویەتی)

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.