ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار: گفتوگۆکانی شاندی ههرێمی كوردستان لە بهغدا ئهرێنین و بەمزووانە رێکەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا واژوو دەکرێت
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار بهكوردستان تیڤى راگەیاند كه گفتوگۆکانی شاندی ههرێمی كوردستان لە بهغدا ئهرێنین و ئاشکرای کرد، بەمزووانە رێکەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا واژوو دەکرێت، هەروەها هۆكاری نهچوونی شاندی ههرێمی كوردستان بۆ بهغدا ئاشكرا دهكات.
مەیادە نەجار سەبارەت بە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا گوتی: گفتوگۆی زۆر لەنێوان ھەردوو شاندی ھەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراقی کراوە و لە یەکتر نزیکبوونەوەیەک ھەیە و ئاماژەکان ئەرێنین، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئەنجام نەدراوە، لهگهڵ ئهوهشدا ھەردوولا گەشبینن کە بهمزووانه رێککەوتنێکی کۆنکرێتی بکرێت و كێشهكان له ریشەوە چارەسەر بکرێن، تاوهكو جارێكی دیكه پێویستیمان بە گفتوگۆ و دانوستان نهبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار گوتیشی: رێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە کە بابەتی مووچەی مووچەخۆران و بوودجەی ھەرێمی کوردستان زامن بێت و ھاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوکێ نەبن و ئێمەیش ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین رێککەوتنێکی کۆنكرێتی لەگەڵ بەغدا بکەین.
مەیادە نەجار سەبارەت بە نەچوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە بڕیاربوو سەرەتای ئەم ھەفتەیە بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیییەکان گوتی: ''ھۆکاری دواکەوتنی شاندی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بارودۆخی ئێستای عێراقە، بابەتی پێکھێنانی حکوومەت و پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکانە بۆیە دەرفەت نەبووە شاندەکان گفتوگۆ بکەن، بەڵام بە دڵنیایییەوە کاتێک دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار لەبارەی پڕکردنەوەی ئەو پێنج پۆستە وزارییەی لە کابینەکەی سهرۆكوهزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پڕنەکراوەتەوە گوتی: ''تا ئێستاش لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی لە کورتترین ماوەدا ئەو پێنچ پۆستە وزاریەی کە ماوە، پری بکەنەوە، بێگومان کوردیش وەزارەتێکی سیادی ماوه کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان-ە و ئێمەش کاندیدی خۆمان دەبێت، ھەروەھا پۆستی وەزارەتی داد کە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوانیش کاندیدی خۆیان دەبێت بۆ ئەم پۆستە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.