بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەی لە كچێك کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنە و ڤیدیۆی بڵاودەکاتەوە.
موقەدەم شۆڕش عەلی، لێپرسراوی نووسینگەی رۆژئاوای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتان و خێزان رایگەیاند تاوانبارێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناوی (ب.أ.ف) تەمەن (21) ساڵ دەستگیر كرد، پاش ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی ( د. م. ا ) هەبووە.
دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان گەیشتووەتە رادەی چوونە دەرەوەو وێنەگرتن و ناردنی ڤیدیۆ لەدواجاریشدا داوای وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە كچەكە كردووە و كچەكەش بۆی ناردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە: تاوانبار ئەم هەلەی قۆستۆتەوە و داواكاری تری هەبووە لەسەر كچەكە، لەبەرامبەر رازینەبوونی كچەكەدا تاوانبار وێنە و ڤیدیۆكانی بۆ رازیكردن و هەڕەشە لێكردنی كچەكە بەكارهێناوە بە بەردەوامی، كچەكەش لەترسی ئابڕونەچوونی خۆی و پێنەزانینی كەس و كاری هەوڵی خۆلەناوبردنی داوە، بەڵام لەدواجاردا سەردانی نوسینگەی رۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا.
دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە توانرا تۆمەتبار دەستگیر بكرێت و دەست بەسەر سەرجەم وێنە و ڤیدیۆكاندا بگیرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی بكرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.