وەزارەتى پەروەردەى حكوومهتی هەرێم بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى بە ڕێژەى لەسەدا 10 کرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان.
وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەداتە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان سەبارەت بە کرێی خوێندن، داشکاندن، کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایانیان و پارەی خۆراک و گواستنەوەی قوتابییان و دەڵێ، هەر قوتابخانەیەک یان پەیمانگەیەکی ناحکومی پابەند نەبێت، رێگەی پێنادرێت ساڵی داهاتوو قوتابی وەربگرێت.
بەڕێوبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان له وەزارەتی پەروەردە، بهیاننامهیكی بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه پاش فەرمانی وەزاری ژمارە شێست و یهك لە رێکەوتی یازدهی پێنجی دووههزار و بیست، بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بکەینەوە پابەند بن بەم خاڵانە، بە پێچەوانەوە هەر قوتابخانە و پەیمانگایەک سەرپێچی بکات جیا لە سزای دارایی، ڕێگای پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە قوتابی وەربگرێت:
یهكهم: داشکاندنی سهدا 10، پەیوەندی نییە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، کێبرکێی نرخ، یان هەستکردن بەبەرپرسیارێتی خۆتان وای کردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان کەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم داشکاندنە نەکەن.
دووهم: نابێت بە هیج خانەوادەیەک بوترێت کە منداڵی یەکەم شمولی داشکاندن دەکات و منداڵەکانی دیکەت شمول ناکات، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داشکاندنەوە نییە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانە و ناچێتە خانەی داشکاندنەوە.
سێیهم: بەهیچ جۆرێک نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحکومی بکرێت لەپای داشکاندنی نرخی خوێندن هەمان رێژە لە موچەکانیان ببردرێت، فەرمانی وەزاری رونە کە دەبێت مووچەی مامۆستایان وەک خۆیان بدرێت.
چوارهم: پارەی نانخواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژە پێکراو بە روونی باسی لێوەکراوە، پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان و بەرێوبەرایەتی خوێندنی ناحکومی لەوەزارەت هەموو سەرپێچیەکان تۆمار دەکات و پاشان رێکاری پێویستی لەبارەوە دەگیرێتەبەر، هەر بەڕێزێکیش رووبەروی ئەوە بوەوە مافی خۆی پێ نەدرێت دەتوانێت نامە بنێرێت بۆ ئەم ژمارانەی ڤایبر و واتس ئاپ، کە ژووری ئەلیکترۆنی سکاڵای وەزارەتی پەروەردەیە.
بەڕێوبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان ـ وەزارەتی پەروەردە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.