Erbil 38°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 13:17

دوا شەو وەک دوافێرژنی درامای کوردی

(قەیرانی چیرۆک و سیناریۆ)
کوردستان TV
100%

حەمەسوار عەزیز
بەشی چوارەم: (قەیرانی چیرۆک و سیناریۆ)
گومان لەوەدا نییە کە نوسینی سیناریۆی زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی، یەکێکە لە سەختترین شێوەکانی نوسینی دراما لەبەرئەوەی تاکە ھونەری بینراوە کە زۆرترین بینەری ھەیەو کۆنتاکت لەگەل ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات، بۆیە درامای تەلەفزیۆنی جیاواز لە سینەما و شانۆ کە بواری فەنتازیا تیایاندا فراوانترە، ئەمەیان زیاتر پەیوەستە بە واقیعی ژیانی خەڵک و رۆدەچێتە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و لەنێو کایەکانی ژیان چەکەرە دەکات و دەبێ موقنیع و جێی باوەڕ بێت بۆ ھەموو جۆرەکانی بینەر، ھەر لە ژنێکی نەخوێندەواری نێو چێشتخانەی ماڵ تا دەگاتە کەسێکە کە بەرزترین بڕوانامەی ھەیە، لە نەدارترین کەسەوە تا دەگاتە گەورەترین سەرمایەدار.

ئیتر ئەمە وادەکات کە زمانی دراما زمانێکی جیاواز بێت و راستگۆیی و واقیعییەتی تێدابێت و توانای کۆنتاکتی ئاسان و سادەی بەبینەر ھەبێت، ھەر بۆیە ئەوەی سیناریۆی درامای تەلەفزیۆنی دەنوسێت دەبێ کەسێکی خەیاڵفراوان و زەین کراوەو شارەزاو ئاگایی لە بوارەکانی کۆمەڵناسی ودەروونزانی و پەروەردەو  ئابووری و سیاسی و کەڵتووری و یاسایی ھەبێت و بتوانێت ئامانجی دراماکە دیاری بکات و سەرەتاو کۆتایی دراماکە لاڕوون بێت و بزانێت رووداوەکان بەرەو کوێ دەچن و چۆن بەریەک دەکەون و چۆنیش بەیەکەوە گرێدەرێنەوەو چۆنیش ئەو ئامانجە دەپێکن کە نوسەر دیاریکردووە.
چیرۆکی درامای (دوا شەو) ناتوانێت ھیچ ئامانجێک بۆ خۆی دیاریبکات، بۆ نمونە لە ھەموو چیرۆک و رۆمانەکانی (ئەجاسا کریستی) ئامانجێک ھەیە ئەویش ئەوەیە کە تاوان سوودی نییەو سەرناکەوێت، بەڵام لەم درامایە ھەموو ئەو رووداوە ناتوانن ئامانجێکت بۆ دروست بکەن، تۆ لە روانگەی ئەو رووبەرە بچووکەکەی کە ھەڵتبژاردووە دەتەوێ چی بڵێی؟
دەتەوێ بڵێی ئەم دەوڵەمەند و خاوە کۆمپانیایانە ھەموو شتێک دەکەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان؟ ئەم قسەیە راستە بەڵام پێم بڵێ لەم درامایە لە کوێ مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان دروست بووە؟ دەتەوێ بڵێی ئەوان وەک ئەوەی لە دەرەوە دەردەکەون، وا نین و ژیانیان ھەموو کێشەو ململانێیە؟ ڕەنگە ئەوەش راست بێت بەڵام لەد درامایە ھەموو کێشەکان و ململانێکان لەسەر بنەمایەکی ساختەو فریودەر بونیاد نراون، دراماکە تەواو بوو  بینەر تێنەگەیشت ھۆکاری کێشەی نێوان ئارام و ئاراز چییە، دراماکە تەواو بوو نەمانزانی بۆ ئەردەوان بەم شێوەیە ڕقی لە ژنەکەیەتی، دراماکە تەواو بوو نەیتوانی پێمان بڵێت ئەردەوان و ژیا چۆن ھاوسەرگیرییان کردووەو ھۆکاری کێشەی نێوانیان چییە، دراماکە تەواو بوو نەزانرا بۆ ئەردەوان دەیەوێت ژیا لە خەستەخانە بکوژێت لە کاتێکا لەڕووی یاساییەوە ئەو ھیچ تاوانێکی ئاراستە نەکرابوو.
ڕووێکی تری کێشەی ئەو درامایە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکانە، لە ڕووی کۆمەڵناسی و عورفی ژیانەوە ئاساییە پیاو زاراوەیەک قسە بکات و ژنەکەی زاراوەیەکی تر، بەڵام لە کوێدا ئاساییە لە ماڵێکدا دوو برا ھەولێری بن و دوو خوشک سلێمانی بن؟ دەبوو دەرھێنەر کە ئەوەش دەکات پاساوێک بۆ ئەمە دابتاشێت، بۆ نمونە پێمان بڵێت ئەم دوو کچە لە زانکۆی سلێمانی خوێندکارن یا خوێندکار بوون، تا بوونی زاراوەی سلێمانی لەنێو ماڵەکە شێوەیەک لە ڕەوایەتی ھەبووایە، دواتر زمان بەشێکی گرنگی بونیادی کارەکتەرە، ئاستی مەعریفی و فەرھەنگی و ژینگەو پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان فۆرمی ژیانی مرۆڤەکان دروست دەکەن، لەم ماڵە جگە لە جیاوازی شێوەزار، جیاوازی فۆرمی کارەکتەر ھەیە، دوو کچەکەی شەماڵی سەدەف وەک دوو کچی خێزانێکی راقی و خاوەن ئەتەکێت و عورفی ژیانێکی دەوڵەمەندانە دەردەکەون، ھەردوو کوڕەکەشی رێک تەواو پێچەوانەن و وەک دوو کوڕی لادێ رەفتار دەکەن و کەڵتووری رەفتارەکانیان تەربیی کارەکتەری باوکیانە، بۆیە ئیحساسیی ئەوەی ئەوانە یەک خێزانن بەھیچ شێوەیەک بە بینەر ناگات، ھەرچەندە ئیبراھیم حەکیم ھەوڵدەدات بە ئەدایەکی زۆر رووکەش و پڕ لە موباڵەغە ئەوە نیشان بدات کە ئەمانە کچی ئەون، بەڵام زۆر ڕوونە کە ھەر یەکەیان لە جیھانێکی جیاوازەو ناتوانن گەرمایی ئەو پەیوەندییە خێزانییە بە دراماکە بدەن، بەڵام لە ماڵەکەی تر ئەم کێشەیە بوونی نییە، پەیوەندییەکی روون لەنێوان ئارام و ڕەوێن، یا ئارام و راوێژ، تەنانەت لەگەل ئەردەوانیش ھەیە، چونکە جۆرێک لە ستایل و ئەتەکێت ھارمۆنیەکی بەو خێزانە بەخشیوەو بینەر بە ئاسانی قەناعەت دەکات کە ئەوانە خێزانێکن، ئەگەرچی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان ھەبێت.
خاڵێکی تری گرنگ لە نوسینەوەی سیناریۆ مەسەلەی شارەزای یاساییە، ناکرێ تۆ سیناریۆ لەسەر کۆمپانیاو گروپ بنوسیت و نەزانیت لە ڕووی یاساییەوە ئەم کۆمپانیاو گرووپانە چۆن دروست دەکرێن و چۆن بەرَیوە دەبرێن و ھەرەمی ئیدارییان چۆن رێکخراوە، ئەگەر ئەوە نەزانی تووشی ھەڵەی گەورەو زەق دەبیت وەک ئەوەی ئەو درامایە تێی کەوتووە، لە یاسای کۆمپانیان ھەموو دەسەڵاتەکان لە ڕێی ئەنجومەنی کۆمپانیا دەدرێت، بەڕێوەبەری رێپێدراویش کەسی دیاریکراوە بۆ ئیدارەدانی کۆمپانیاو ئەو دەتوانێت دەسەڵات بۆ خوارەوەی خۆی شۆڕ بکاتەوە، ھەر ئەویش دەتوانێت بە یەک نوسراو ھەموو دەسەڵاتەکانی خوارەوە کانسڵ بکاتەوەو بیداتەوە بە خۆی یا ھەر کەسێکی تر.
بۆیە لەم درامایە کە باس لە ئیمزاو دەسەڵاتی ئەردەوان دەکرێت لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکان کە دەبێ لە ماوەی چواردە رۆژ  تازە بکرێنەوەو ئەردەوانیش دیار نییە، لەڕووی یاساییەوە ئەوە ھیچ کێشە نییەو بەڕێوەبەری ڕێپێدراو بە یەک نوسراو ئەو دەسەڵاتەی ئەردەوان ھەڵدەوەشێنێتەوەو دەیدات بە کەسێکی تر، بۆیە کاتێ درامایەک چەند ئەڵقەیەک تەرخان دەکات بۆ کێشەیەکی ساختە کە لە بنەڕەتەوە بوونی نییە، ساویڵکەیی و نەزانی دروستکەرانی دراماکە نیشان دەدات، چونکە لە کۆمپانیا ھیچ ئیمزایەکی شەخسی بوونی نییە، تۆ وەک پێگە ئیدارییەکەت کە کۆمپانیا بە بڕیارێک پێتی داوە ئیمزا دەکەیت، دەشتوانرێت ئەو دەسەڵاتەت بەیەک بڕیاری کارگێڕی کانسڵ بکرێتەوە، بۆیە کاتێ ئەو درامایە باس لەوە دەکات کە ئەردەوان گرێبەستەکانی بە شێوەی شەخسی ئیمزا کردووە، ئەوە بێ ئاگایی نوسەرو دەرھێنەر نیشان دەدات لە یاسای کۆمپانیاکان، کەچی جورئەتی ھەیە بیست ئەڵقە لەسەر کۆمپانیا بنوسێت.
ئەم بێ ئاگاییە لە یاسا وای لە دەرھێنەر کردووە لە دیمەنی موزایەدەکەش تووشی ھەڵە بێت و نەزانێ چۆن رەوایەتی بە بابەتەکە بدات، بەگوێرەی یاسا ھەندێ موزایەدە تایبەتە بە کۆمپانیاکان و لەناو کۆمپانیاکانیش ئەوانە دەگرێتەوە کە پسپۆڕن لەو بوارەدا، بۆیە ھەموو کۆمپانیایەک ناتوانێت بچێتە نێو ھەموو موزایەدەکەیەوە، بۆیە کاتێ راوێژ وەک نوینەری کۆمپانیای ئارام لەوێیە، ئەردەوان بەناوی چ کۆمپانیایەکەوە دێتە نێو موزایەدەکە، ئەگەر بە ناوی کۆمپانیای ئارامیشەوە بێت کە دوو کەس بەشدار بن لەو موزایەدەو پارە لەسەر یەکتری زیاد بکەن، کە ئەوە ھەرگیز روونادات، ئەردەوان تەنھا دەتوانێ بە نوسراوێکی ئارام لەو موزایەدە بەشداری بکات، ئەی پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئەردەوان چۆن ھاتە نێو موزایەدەکەوە؟ لە کاتێکا ھەر کۆمپانیایەک کە دێتە ناو موزایەدە دەبێ سەدابیستی نرخی خەمڵێنراوی موزایەدەکە بخاتە بانکەوەو چەکی بانک بەو بڕە پارەیە پێشکەش بکات کە رێگەی پێدەدات بێتە نێو موزایەدەوە.
لە بڕگەی کۆتایی ئەردەوان بە سی ساڵ حوکم دەردرێت تەنھا لەبەر ئەوەی لە خێزانەکەی داوە، یا ھەوڵی کوشتنی داوە، وەکو بینەریش بینیمان ئەم دوو رووداوە بەھیچ شێوەیەک بەنێو ئیجرائاتی یاسایی تێنەپەڕێوە، لەبەر ئەوەی ھیچ کەسێکی شکاتکار نەبوو لە ھەردوو رووداوەکە، کە کەسی شکاتکار نەبێت کەواتە ھیچ قەزیەکیش نییە، ئەردەوان دەتوانرێت تەنھا لەسەر کێشەی ڕفاندنی کچەکەی کاروان سزا بدرێت ، ئەو ڕفاندنەی کە نەزانراو بۆ کراو چ مەبەستێکی بەدواوە بوو وەکو زۆێک لە راکەڕاکەی نێو ئەو درامایە، ئەو دوو پیاوەش کە ویستیان ژنەکەی ئەردەوان بکوژن، نەکەوتنە دەست پۆلیس و لای کەیوان بەند کرابوون، ئەی چۆن ئەردەوان بە سی ساڵ حوکم درا، لە کاتێکا حوکمی سی ساڵ لە یاسای عێراقییدا نییە.(ماویەتی)
 

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.