د. سامان حسین به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكیدا به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ده‌ڵێت: هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ پابه‌ندبوونتان به ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان له ماوه‌ی ڕابردوو و له ئێستادا، ئه‌و ڕێكارانه‌ی ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ سه‌لامه‌تی و پاراستنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته، ئومێده‌وارین هه‌موو پێكه‌وه خۆپارێزی كه‌سی و ئامۆژگارییه‌كانی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكه‌ین، هیوادارین ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ی هاتوونه‌ته پێش به زووترین كات تێیپه‌ڕێنین و هه‌مووان ئاسوده‌ی ژیانێكی ته‌ندروست بن.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ..
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز، گه‌رمترین پیرۆزبایی جه‌ژن له سه‌رجه‌م موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان ده‌كه‌ین، خوای گه‌وره ڕۆژو و تاعه‌تی هه‌موولایه‌ك قه‌بوڵ بكات.
پیرۆزبایی جه‌ژن له خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین، هیوای به‌خته‌وه‌ری و ژیانی ئاسوده‌یان بۆ ده‌خوازین.
هه‌روه‌ك ڕوونه جه‌ژن هه‌ڵگری په‌یامی لێبوورده‌یی و ئاشته‌وایی و خێروبه‌ره‌كه‌ته بۆ گشت مرۆڤایه‌تی و موسڵمانان، به‌داخه‌وه ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنی ئه‌مساڵمان له هه‌ڵومه‌رجێكدا به‌ڕێده‌كه‌ین كه ته‌واوی جیهان به‌ده‌ست په‌تای كۆرۆنای نوێ COVID -19 ده‌ناڵێنێت و تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌ری بنبڕی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ژێر ڕۆشنایی هێڵه گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌ڕێمی كوردستان به‌رده‌وامه له پێشكه‌شكردن و باشتركردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی، به‌تایبه‌تی له ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز خزمه‌تگوزارییه‌كانی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ری هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له هه‌رێمی كوردستان به‌پێی پلانێكی تۆكمه پێشكه‌ش به هاوڵاتیان ده‌كات.
لێره‌دا جارێكی تر وێڕای پیرۆزبایی جه‌ژن، ده‌ستخۆشی و ڕێز و سوپاسمان بۆ هه‌موو پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و فه‌رمانبه‌رانی داموده‌زگاكانی ته‌ندروستی ده‌رده‌بڕین كه ماندوونه‌ناسانه و به شه‌ونخوونی خزمه‌تكردنیان بۆ هاوڵاتیان به‌تایبه‌تی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ی كۆڕۆنا پێشكه‌ش به هاووڵاتییان كردووه.
هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ...
سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ پابه‌ندبوونتان به ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان له ماوه‌ی ڕابردوو و له ئێستادا، ئه‌و ڕێكارانه‌ی ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ سه‌لامه‌تی و پاراستنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته، ئومێده‌وارین هه‌موو پێكه‌وه خۆپارێزی كه‌سی و ئامۆژگاریه‌كانی ته‌ندروستی جێبه‌جێ بكه‌ین، هیوادارین ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ی هاتوونه‌ته پێش به زووترین كات تێیپه‌ڕێنین و هه‌مووان ئاسوده‌ی ژیانێكی ته‌ندروست بن.
دووباره جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له هه‌مووان پیرۆز بێت و هه‌ر ساغ و سه‌لامه‌ت بن.
د. سامان حسین به‌رزنجی
وه‌زیری ته‌ندروستی
24 ئایار 2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.