شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین رایگەیاند کە قەزای خورماتوو، بەهۆی ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایدا زیاد بووە، کەرەنتین کرا.
لەوبارەوە گوتەبێژی شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین، جەمال ئەکاب لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای خورماتوو زیادی کردووە، بۆیە بۆ ماوەی دوو رۆژ قەزاکە خرایە کەرەنتینەوە.
گوتیشی: "بۆ ماوەی دوو دوو رۆژ بازا، نانەواخانەکان لە قەزای خورماتوو دادەخرێن و تەنها دەرمانخانە کراو دەبن".
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا، هاتوچۆکردن لە سەرتاسەری قەزای خورماتوو قەدەغەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندبوو، كۆی گشتیی ئەو كەسانەی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٠ كەس و ژمارەی تووشبووانیش، گەیشتووەتە چوار هەزار و ٤٦٩ كەس.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.