Erbil 38°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 13:17

فرسەت سۆفی: تووشبوون بە کۆرۆنا لە زیادبووندایە و بەرپرسیارێتی خۆپارێزی کەوتووەتە سەر شانی خەڵک

هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نییە کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ درێژ بکرێتەوە
کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی سەردانی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لێکردن.


پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان، سەردانی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەلایەن بەرپرسانی مەڵبەندەوە پێشوازی لێکرا.

دوای دیدارەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەریەک لە پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی و بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبوار ئیسماعیل قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.

سەرەتا فرسەت سۆفی، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری خۆی بۆ بەرپرسانی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوکاریکردنیان لە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر، جەختی لە هەماهەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکان کردەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و رایگەیاند، "بەبێ جیاوازی لە بیروبۆچوون، نەتەوە و ئایین دەبێت هاوکاری یەکتر بین.

پارێزگاری هەولێر لەبارەی قەدەغەکردنی هاتوچۆشەوە قسەی کرد و گوتی:هەماهەنگی هەیە لەبارەی رێکارەکان لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارەکان و هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نییە کە قەدەغەکردنی هاتوچۆ درێژ بکرێتەوە و کار و کاسبی خەڵک بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە و ژیانی خەڵک و گوزەرانی خەڵک بە لای ئێمەوە زۆر زۆر گرنگە، بۆیە دەمانەوێت باڵانسێک دروست بکەین لەنێوان کار و کاسبی خەڵک و گوزەرانی خەڵک لەگەڵ رێنمایی و رێکارەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆرنا.

فرسەت سۆفی گوتیشی: بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خەڵکە، بەداخەوە ڤایرۆسەکە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە و ژمارەی تووشبووەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و لەبەر ئەوەی بازاڕ و شوێنە ئایینیەکان کراونەتەوە و هاتوچۆ ئاسایی بۆتەوە، ئەگەر خەڵک خۆی، خۆی نەپارێزێت و رێنماییەکان جێبەجێ نەکات، رەنگە تووشبوونی ئەمجارە ببێتە وەبایەک و بە ناو کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە و مەترسی هەیە.

هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبوار ئیسماعیل قسەی کرد و جەختی لە پێکەوە کارکردنی هەموو لایەنەکان بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە و سەردانی پارێزگای هەولێری بە هەنگاوێکی باش لە قەڵەم دا بۆ تەبایی نێوان لایەنەکان لە ئیدارەدانی هەولێر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.