به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، هۆكارى ئه‌وه‌ى ئێستا ڕۆژانه زیاتر له پێشوو حاڵه‌ت تۆمار ده‌كرێ پابه‌ندنه‌بوونى هاووڵاتییانه به ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان.
د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر به كه‌ناڵى (كوردستان 24)ى ڕاگه‌یاند: "ئه‌و تووشبوانه‌ى كۆرۆنا كه له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا تۆمار كران، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له پێشوو تووشى كۆرۆنا ببوون جیاوازن، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ى پێشتر تووشى كۆرۆنا ببوون، زیاتر ئه‌وانه بوون كه له‌ڕێگه‌ى پشكنینه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان ده‌رده‌كه‌وت تووشى كۆرۆنا بوونه، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا تۆمار كراون، زۆربه‌یان خۆیان نیشانه‌یان هه‌بووه و سه‌ردانى پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كانیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینى كۆرۆنا ئه‌نجام بده‌ن، پاشان ده‌ستنیشان كراون كه تووشى كۆرۆنا بوونه".
گوتیشى: "هۆكارى ئه‌وه‌ى ئێستا ڕۆژانه زیاتر له پێشوو حاڵه‌ت تۆمار ده‌كرێ پابه‌ندنه‌بوونى هاووڵاتییانه به ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر له‌باره‌ى كه‌ره‌نتینكردن ئه‌و شوێنانه‌ى تووشبووى كۆرۆناى لێ تۆمار كراوه، ده‌ڵێت: "ئێستا كه‌ره‌نتینكردنى شوێنه‌كان له قۆناغه‌كانى پێشوو قورستره، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشتر قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ هه‌بوو و خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌كان بوون و له ماڵه‌وه بوون، بۆیه ده‌كرا به ئاسانى ئه‌و شوێنانه‌ى تووشبووى كۆرۆناى لێ تۆمار ده‌كرا، كه‌ره‌نتین بكرێ، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێستا ئاسانكاریی زۆر كراوه و زۆربه‌ى شوێنه‌كان كراوه‌ن، له‌وانه‌یه كه‌ره‌نتینكردنى گه‌ڕه‌كێكى گه‌وره كارێكى قورس بێ، تیمه‌كانى پاراستنى ته‌ندروستى به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن، كه ده‌ستنیشان ده‌كرێن و به‌ركه‌وته‌كانیان دیارى ده‌كرێن".
ئه‌وه‌شى خسته ڕوو: "پێشوو خاڵێكى گرنگ هه‌بوو پێشتر ئێمه له هه‌ولێر نزیكه‌ى 180 تووشبووى كۆرۆنامان هه‌بوو، به‌ڵام له‌م ژماره‌یه‌دا زیاتر له 100 كه‌س له پرسه‌یه‌ك تووشى كۆرۆنا ببوون، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه له زۆر شوێنى جیاجیا نه‌بوو و تا ڕاده‌یه‌كى باش كۆنترۆڵ كرابوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى جوگرافى سه‌یر بكه‌ین، تووشبووه نوێیه‌كان له زۆر شوێنى جیاوازى جوگرافرى تۆمار كراون، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه ڤایرۆسه‌كه زیاتر چووه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه و زیاتر بڵاو بووه‌ته‌وه".
د. دلۆڤان محه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا: "پێشبینییه‌كانى ئێمه خراپه و بۆى هه‌یه ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا به‌ره‌و زیادبوون بڕوا، هه‌روه‌ها به‌ركه‌وتن زیاتر ده‌بێت، كارى تیمه‌كانى ته‌ندروستیش قورس‌تر بووه له پێشتر".
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕوونیشى كرده‌وه: "ناتوانین بڵێن هیچ یه‌كێك له تووشبووه‌كان بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره، چونكه هیچ یه‌كێكیان پێویستیان به ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستكرد نه‌بووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌كى زیاتر له تووشبووه نوێیه‌كان به به‌راورد له‌گه‌ڵ تووشبووه‌كانى پێشوو هه‌ناسه‌ته‌نگییان هه‌یه، هه‌روه‌ها زیاتر له تووشبووه‌كانى پێشوو پێویستیان به ئۆكسجین و چاودێریی پزیشكییه".
ئاشكراشى كرد: "ئێمه زۆر جار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی باسمان له‌وه كردووه، ئه‌گه‌ر بێت و ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا به‌ره‌و زیادبوون بڕوات و خه‌ڵك پابه‌ندى ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان نه‌بن، ئێمه‌ش ئه‌و كاته بۆ كۆنترۆڵكردن و بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی پێشكه‌ش بكه‌ین، له‌وانه‌یه بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه ئه‌وانه‌ى كه نیشانه‌ى كۆرۆنایان نییه، یان نیشانه‌كانیان زۆر كه‌مه، له ماڵه‌وه كه‌ره‌نتین بكرێن، یانیش له شوێنێك بیانهێڵینه‌وه كه نه‌خۆشخانه نه‌بێت، بۆ نموونه هۆتێلێك، چونكه ئه‌و كاته ده‌بێت نه‌خۆشخانه ته‌نیا بۆ ئه‌و كه‌سانه به‌كار بهێنین، كه نیشانه‌كانیان تونده و هه‌ناسه‌ته‌نگییان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێت و ژماره‌ى تووشبوانى كۆرۆنا زۆر زیاد بكات، ئه‌و كاته شوێن له نه‌خۆشخانه‌كانیشدا نامێنێت".
هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28/5/2020، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاشكراى كرد، 12 كه‌سى دیكه له هه‌ولێر تووشى كۆرۆنا بوونه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.