وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی سوتاندنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی جوتیارانی كورد له‌ناوچه دابڕێندراوه‌كان بڵاوكرده‌وه و راشیگه‌یاند، "سه‌رو ماڵی جوتیارانمان له ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌وتۆته به‌ر ئاگری رق و كینه".
له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم رایگه‌یاندوه، "به‌داخه‌وه سه‌رو ماڵی جوتیارانمان له ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌وتۆته به‌ر ئاگری رق و كینه، سوتاندنی گه‌نمی جوتیارانمان له مه‌خموره‌وه بۆ خانه‌قین به پرۆسه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو ده‌زانین، كه ساڵانه چه‌ند باره ده‌بێته‌وه و ره‌نجی ئه‌و ساڵه‌یان به هه‌ده‌ر ده‌درێت".
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، پێشتر وه‌ك وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو داوایان له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كردبوو سه‌رو ماڵی جوتیاران له‌ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بپارێزن، به‌پێی گونجاوی شوێنه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی كشتوكاڵیش داوایان له یه‌كه ئیداریه‌كانی ئه‌و ناوچانه كردوه رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران".
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "هه‌روه‌ها نوێنه‌رمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی فیدراڵ داوای كردوه، به‌رهه‌می كشتوكاڵی جوتیاران له‌و ناوچانه بپارێزرێت".
هه‌ر له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوای له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی عێراق و ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كردوه، "به‌رپرسیارێتی پاراستنی سه‌رو ماڵی جوتیارانیان له‌و ناوچانه له ئه‌ستۆدایه، له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.