Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 23:29

بەکتریا...

بۆ یەکەم جارە ڕۆڵی بەکتریا لە گۆڕینی نەوتی سوک بۆ نەوتی قورس لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە کوردستاندا
کوردستان TV
100%

ن/ پرۆفیسۆر د.هاوڕێ مەنسوربەگ‏ 
ئەم ماوەیە زۆر ڕقمان لە ڤایرۆسە، بەشێکی زۆریش لە مرۆڤی سەرزەوی بەکتریا و ڤایرۆس وەک دەستەخوشکی یەک دەبینن، بەڵام جیاوازی نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە...

لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندا تێکۆشانی مامۆستاکان  بۆ ئەوەیە جگە لە زیانەکانی بەکتریا، سوودەکانیشی بۆ قوتابیان باس بکەن. یەکێک لە سوودە هەرە دیارەکانی بەکتریا شیکردنەوەی لاشەی مردووی سەرجەم بوونەوەرەکان و تێکەڵکردنەوەیانە بە خاک و سروشت.
لە یەکێکیش لە بیردۆزە گرنگەکانی پەیدابوونی ئۆکسیجین لە بەرگەهەوای زەوی و دەستپێکردنی ژیان، جۆرە بەکتریایەک بە ناوی cyanobacteria ڕۆڵی قارەمانی تێدا دەگێڕێت، بە شێوەیەک سێ ملیار و پێنجسەد ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا، توانی لە ژینگەیەکی ژەهراویی دژواری بە کەڵکی ژیان نەهاتوودا، کرداری ڕۆشنەپێکهاتن بکات و ئۆکسجین بەرهەم بێنێت و ژیان بۆ ملیارەها جۆری بوونەوەر لە سەر زەوی بڕەخسێنێت. لەکاتی گەشەکردن و کرداری ڕۆشنەپێکهاتندا، ئەو بەکتریایە مادەیەکی لینج دەردەدات کە دەنکۆڵەی لم و ماددەی کاربۆناتی بە یەک دەبەستێتەوە و جۆرە بەردێکی کلسی دروستدەکات کە لە زانستی زەویناسیدا پێی دەڵێن stromatolite. لە ناو پێکهاتە جیۆلۆجییە کۆنەکانی کوردستانیشدا، بەردە کاربۆناتەکانی سترۆماتۆلایت هەیە، کە بەرهەمی کاری ئەو بەکتریایەن و ملیۆنەها ساڵ بەر لە ئێستا دروست بوون. 
بەکتریا و ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێ لە سەر زەوی و ڕەنگبێ لە بۆشایی ئاسمانیش، بابەتێکی توێژینەوەی بە پیت و ئێجگار گرنگە کە بە هەزارها توێژەرەی لە سەرجەم زانستەکاندا و لە سەرتاسەری زەویدا، بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.  
توێژینەوەیەکی نوێمان کە ( ئێدرس شلیمۆن / توێژەری بەتوانا و بیرتیژ لە زانکۆی سۆران) ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی تێدا بینیوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند توێژەرێکی زانکۆی Aarhus لە دانمارک.. بۆ یەکەم جارە ڕۆڵی بەکتریا لە گۆڕینی نەوتی سوک بۆ نەوتی قورس لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە کوردستاندا، بە بەڵگە سەلمێنراوە.  
بێگومان پرۆسەی دیکەش هەن کە هۆکارن بۆ دروستبوونی نەوتی قورس کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە، بەڵام لە توێژینەوەکەماندا بە تەکنیکێکی ناوازە و لە تاقیگەی پێشکەوتوودا، ڕۆڵی بەکتریامان نیشانداوە.
پێشبینی دەکەین ئەو دۆزینەوەیەمان دیبەیت و کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ئەوەش یەکێکە لە مەرامە سەرەکییەکانی توێژینەوەی زانستی. 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی نێودەوڵەتی Geomicrobiology Journal  بڵاوبۆتەوە کە لە لایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی جیهانی Taylor & Francis چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/01490451.2020.1753131
 

كوردستان TV

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.