Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 17:24

نێچیرڤان بارزانی: له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایى و کارى هاوبه‌ش و یه‌کڕیزى هه‌یه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکى پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی دەکات
کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی هاوسەرۆكان و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسيى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەکات و دەڵێت "یەكێتيى نيشتمانيى كوردستان، بەشێكی گرنگى بزووتنەوەی رزگاریخوازيی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتیی ديموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنياتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا." 

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:-

 

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان 

 

به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و

مەكتەبی سیاسيى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

له‌ (45)هه‌مين ساڵيادى دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوى ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم. 

 

یەكێتيى نيشتمانيى كوردستان، بەشێكی گرنگى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی ديموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنياتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا. 

 

ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووى دۆخێكى هه‌ستيار و ته‌حه‌دياتى گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستيمان به‌ ته‌بايى، كارى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى هه‌يه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستييه‌ن. ‌ 

 

بۆ سه‌قامگيريى سياسى و یەكهەڵوێستى لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنى سه‌ركه‌وتووانه‌ى دۆخه‌كه‌، پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێى هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین.

 

له‌م ياده‌دا دروود بۆ گيانى شه‌هيدانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان كه‌ گيانيان له‌پێناو ئازاديى گه‌له‌كه‌ياندا به‌خشى، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌مياندا داده‌نوێنين و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانيان ده‌نێرين.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

31/5/2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.