Erbil 38°C پێنجشەممە 10 تشرینی یەکەم 13:26

ئەوانەی ئێمە چین، ئۆپۆزسیۆن یان ئۆپۆرتۆنیست؟

نموونەی زیندووی ئەم پارادۆکسەی گوتار و ڕەفتاری ئەو حزبە دەرفەتچیانە و فریوخواردنی خەڵکمان بە دەست دروشمە فوودراوەکانیان بینیوە
کوردستان TV
100%

بەرچەنە...

سەیرە، بڵیی ئەو فۆڕمە حزبەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە هیچ کوێیەکی دونیادا هەبێت؟ بۆ نموونە، لە سەردەمی شەڕی نەگریسی براکوژیدا، حزبی ئیسلامیی و چەپ هەبوون، کە گوایە بێلایەن و بەرتەرەفن و جار جارەش ناوبژیوانیی نێوان هەردوو حزبی شەڕکەریان دەکرد. کەچی بە گوێرەی هەندێک زانیاریی، لەو نێوەدا سەرقاڵی بازرگانیێکی ناچیزەش بوون، ئەویش هێنانەوەی تەرمی کوژراوەکانی دوو لای شەڕ بوو بە پارە. جا واز لە بازرگانیی حزبە ئیسلامییەکە بە باری کحوولی حزبە چەپەکە و تەتەریکردنیان بۆ ئەم و ئەو مەبەستی جیاواز بێنن، کە لەو ڕێگایەوە داهاتێکی باشیان دەست دەکەوت!

 

ساڵانێکیشە لە هەرێمی کوردستان حزبگەلێک پەیدابوونە، کە لافی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لێ دەدەن، کەچی بە دەگمەن، دەنا لە کۆی ئەم ساڵانەی ڕابردوودا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، چوارپەلیان لەناو ئیمتیازەکانی دەسەڵاتدا بووە و تەنیا سووکە نیگا و تیلەچاوێکیان لەناو خەڵک بووە. ئینجا ئەو تیلەچاوەشیان تەنیا بۆ کاتی پێویست بووە، بەتایبەتی کە بەرژەوەندییە حزبییەکانیان ئەوەی خواستبێ وەبەرهێنان لەو نیگاکردنە لاچەپەیاندا بۆ خەڵک بکەن!

 

بەهەرحاڵ، هەتا قەیران ڕوو نەکاتە هەرێمی کوردستان، ڕووی ڕاستەقینەی حزب و هێزگەلی سیاسیی هەلپەرست (ئۆپۆرتۆنیست!) و ڕیاکارمان بۆ دەرناکەوێت، کە خۆیان وەک هێزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نمایش کردووە و دەکەن. کێشەی سەرەکیش یادەوەریی کوێری خەڵکە، کە بە چاوی سەریان بینیویانە، چۆن لە ساتەوەختی قەیرانەکاندا، ئەو حزب و گرووپە ئایدیۆلۆژیی و بەرژەوەندیخوازانە، هاتوون و کڵاویان ناوەتە سەری و دواتر کە دۆخەکە بە بارێکی دیکەدا گۆڕاوە، پشتیان لە خەم و خواستەکانی خەڵک کردووە.

 

بە واتایەکی تر، هەر کاتێک هەلومەرجە سیاسی و دۆخە ئابوورییەکەی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی هێوربوونەوە و چارەسەریی چووە، بەتایبەتیش کاتێ پرسی بەشینەوەی دەسەڵات و ئیمتیاز هاتووەتە پێشەوە، ئەو حزبە ئۆپۆرتۆنیست (نەک ئۆپۆزسیۆن!)انە، هاتوونەتەوە سەر مەعدەن و پلێتی ڕاستەقینەی خۆیان و خەڵکی فریوخواردووی دەستی دروشم و هاشوهووشەکانی ئەوانیش، هەر ئەوەیان بەدەستەوە ماوە بڵێن: “ئەم نانە بەم دۆشاوە!”.

 

لە ڕابردووی دوور و نزیکدا، بە ئێستایشەوە، نموونەی زیندووی ئەم پارادۆکسەی گوتار و ڕەفتاری ئەو حزبە دەرفەتچیانە و فریوخواردنی خەڵکمان بە دەست دروشمە فوودراوەکانیان بینیوە، کە چۆن لە کاتی قەیراندا سواری تووڕەیی خەڵک بوونە و کاتێکیش کڵاوڕۆژنەیەکی بچووکی ڕووناکیی پارە و پلە و پۆستیان بینیووە، خوا و خاک و ئەو خەڵکەیشیان بیر چووەتەوە. بە جۆرێک ئەو حزبی سەردەمی قەیرانانە، کە هەستیان کردووە چەوریی دەسەڵات بە سمێڵەکانیانەوە دەمەیێت، ئەو خەڵکەی کە بە درۆ ناویان نابوو و دەنێن شەقام (چونکە لە کوردستان شتێک نییە بە ناوی شەقام و ڕای گشتی، ئەوەی هەیە دابەشبوونی گرووپی جیاوازیی بەرژەوەندییەکانە، کە بەرمەبنای پاشخانە سیاسی و ئینتما ئایدیۆلۆژیی و حزبییەکانیان، لە شوێنکاتی جیاوازدا گوزارشتیان لە بەرژەوەندیی تەسک و سنوورداری خۆیان کردووە و دەکەن)، لە پەراوێزی پەراوێزی گوتار و بەرنامەی سیاسییاندا، شوێنیان نەبووەتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.