ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند: لە کاتژمێر 6ی بەیانیی سبەینێوە قەدەغەی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگاکەیان هەڵدەگیرێت.
دەقی راگەیەندراوەكە:
پاڵپشت بە کۆبونەوەی ڕۆژی ٢/٦/٢٠٢٠ لە وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی بەڕێزان ( وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی) و بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ،بە لەبەرچاو گرتنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان و بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان، ئەوا بەڕێز وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی بە سەرجەم پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دا بە مەبەستی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و بە پێی تایبەتمەندی هەر پارێزگایەک و ئیدارە سەربەخۆکان ، دەتوانن دەستکراوەبن بۆ گرتنە بەری کارئاسانی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا . بۆ ئەمەش سەر لە ئێوارەی ئەمرۆ ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەڵەبجە ئەم بڕیار و ڕاسپاردانەی خوارەوەی دەرکرد ، بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان:
١- بەهۆی وەرزی دروێنە و سەرقاڵی هاوڵاتیان بەکاری باخداری و کشتوکاڵەوە لە سنووری پارێزگامان، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە نێو شارو شارۆچکەکانی پارێزگای هەڵەبجە هەڵدەگیرێت، بەڵام تکا و داوامان لەسەرجەم هاوڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگاکە ئەوەیە، کە پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە و دوور بن لە هەر جۆرە بەریەککەوتنێک و شوێنێک کە قەرەباڵغی تێدابێت.
٢- سەرجەم شوێنە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە، بەمەرجێ پابەندی سەرجەم ڕێکارە تەندروستیەکان بن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و یەکە ئیداریەکانەوە دیاری دەکرێت ، وە هەر شوێنێک پابەند نەبێت بە گرتنە بەری ڕێکاری تەندروستی و جێبەجێ کردنی رێنماییەکان، ئەوا غەرامە دەکرێت و شوێنەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاری کراو دادەخرێت.
٣-پێویستە سەرجەم نۆرینگە پزیشکییەکان پابەندی سەرجەم رێنماییەکان بن ،کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بۆیان دەستنیشان دەکرێت.
٤- شوێنە گەشتیاریەکان دەکرێنەوە، بەمەرجێک پابەندی سەرجەم ڕێکارە تەندروستیەکان بن، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار دیاری دەکرێت.
٥- مزگەوتەکان دەکرێنەوە تەنها بۆ کاتی نوێژەکان و نوێژی هەینی ، بە پێی رێنماییەکانی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەڵەبجە دیاری دەکرێت.بۆ ئەمەش داواکارین کە جێبەجێکردنی ڕێنمایی تەندرووستیەکان وەک ئەرکێکی ئاینی و نیشتمانی و مرۆیی سەیر بکرێت.
٦- قایمقامیەتی ناوەندی هەڵەبجە و سەرجەم یەکە ئیدارییەکان ، دەسەڵاتی ڕێکخستنەوە و کردنەوە و داخستنی شوێنە خزمەتگوزارییەکانیان پێدەدرێت، بەمەرجی ڕەچاوکردنی ڕێکارەکان و ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکان.
٧- پێویستە قایمقامیەتی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزار و یەکە کارگێڕیەکان، رۆژانە راپۆرتی پێویست بە ژووری ئۆپراسیۆن پێشکەش بکەن سەبارەت بە جێبەجێ کردن و هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری ڕێکارەکان .
٨- خاوەن تاکسیەکانی ناو شار پێویستە پابەندی ڕێنماییەكان بن، کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە وە دەرچووە و پێویستە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی هەڵەبجە بە هاوکاری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت، بەبەردەوامی چاودێری جێبەجێکردنی رێنماییەکان بن ، و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتە بەر.
ئەم ڕاسپاردە و بڕیارانە کاتژمێر ٦ ی بەیانی ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٠ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوکات پێویستە لیژنەکان بەبەردەوامی هەوڵی هۆشیار کردنەوە و پێدانی ڕێنماییەكان بن بە هاوڵاتیان و کاسبکاران .
بەهیوای پابەندبوون و سەلامەتی سەرجەم هاوڵاتیانی ئازیز و خۆشەویستین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.