هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی به کوردستان 24 راگهیاند ، لهئێستادا له سهررێکارەکانی خۆپارێزی لە سنوورهكهدا لەسەر دوو بنەمای تازە ئیش دەکەین، یەکەمیان تووندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن دامودەزگاکانی دەوڵەت، دووەمیان بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی هاووڵاتییان لەلایەن خۆیانەوە.
راشیگهیاند ، بەڕاشکاوانە لێرەوە دەیڵێم: هیچ گلەییەک مەکەن و هیچ خەمساردییەک مەنوێنن، لە هەرشوێنێک پابەندی رێکارە تەندروستییەکان نەبن، ئەو شوێنە دادەخەین، ئەگەر ئەو شوێنە زیانی بە تەندروستیی گشتیش گەیاندبێت، رووبەڕووی رێکاری یاساییان دەکەینەوە.
ئەمڕۆ لە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەوە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکرێنەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر لەمبارەیەوە رایگهیاند ، پێویستە لەو شوێنانەی دەکرێنەوە، دەستکێش و دەمامک هەبن، هەروەها کەرەستەی خۆپاکژکردنەوە ئامادەکرابێت و مەتر و نیوێک لەیەکدی دوور بن، نابێت لە هیچ شوێنێک بەریەککەوتن و قەرەباڵغی دروست ببێت، لە هەرشوێنێک ئەگەر مەرجەکانی دیکەش هەبوون بەڵام قەرەباڵغی دروست ببوو، ناچارین دایبخەین.
پارێزگاری سلێمانى راشیدهگهێنێت ، هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، بەهۆی داخوازییەکانی هاووڵاتییانەوە بووە، بەڵام ئەرکی خۆپارێزییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. من دڵنیایان دەکەمەوە، ئەگەر ئەو رەوشە بەردەوام بێت و ئەوان خۆیان نەپارێزن، ئێمە لە هەموو پارێزگای سلێمانی تەنیا جێگەی 250 نەخۆشمان هەیە و، تەنیا 60 ئامێری هەناسەدانی دەستکردمان هەیە، رەوشەکە وا بڕوات؛ دەبێت خەڵک ماڵەکانیان بکەنە نەخۆشخانە و، دەبێت ئێمە تەنیا ئەوانە لە نەخۆشخانە وەربگرین، کە رەوشی تەندروستییان زۆر زۆر خراپە.
تاوەکو ئێستا 448 کەس لە سنووری پارێزگاری سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوون و، 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە بەجۆرێک تەنیا لە رۆژی 31-5-2020 بە تۆمارکردنی 102 تووشبوو لە یەک رۆژدا، ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانی گەیشتە لووتکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.