Erbil 38°C چوارشەممە 09 تشرینی یەکەم 23:22

زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر CUE ماڵپەڕە نوێیەکەی دەخاتە کار 

هەموو كەسێك دەتوانێ بەكاری بێنێ و تێیدا شارەزای زانكۆكە و بەشەكانی بێت و ئاگاداری خزمەتگوزاری و چالاكییەكانی بێت
کوردستان TV
100%

هاوكات لەگەڵ گەشەكردنی پڕۆسەی فێركردنی ئەلیكترۆنی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر، ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییە نوێیەكەی دەخاتەكار cue.edu.krd . ماڵپەڕەكە دیزاینێكی جوان و تەكنیكێكی نوێی تێدا بەكارهاتووە، كە وا دەكات بەكارهێنانی ئاسان بێت و زیاتر سوودبەخش بێت، هەموو كەسێك دەتوانێ بەكاری بێنێ و تێیدا شارەزای زانكۆكە و بەشەكانی بێت و ئاگاداری خزمەتگوزاری و چالاكییەكانی بێت.

ئەم ماڵپەڕە نوێیە مینبەری فێركردنی ئەلیكترۆنیی Moodleی بۆ دانراوە لە ڕێگای ئەم بەستەرەوە: https://portal.cue.edu.krd

 

Moodle، سیستەمێكی ئیداریی فێركردنی زیاتر جەماوەرییە و لە جیهانیشدا زۆر بەكار دەهێنرێ (LMS)، چونكە چارەسەرێكی نەرم و كراوە و بەخۆڕاییە بۆ داونلۆدكردنی سیستەمی كارگێڕیی فێركردن.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فێركردنی ئەلیكترۆنی لە هەموو جیهان، Moodle مینبەرێكە بەكارهێنانی ئاسانە، خزمەتی پێداویستییەكانی خوێندن و ڕاهێنانی فێرخوازان دەكات لە CUE كە باشترین و دیارترین خزمەتە لە بارودۆخی ئێستا.

هەروەها سەردانكەران دەتوانن لەڕێی ئەم ماڵپەڕەوە، زانكۆكە بناسن و ئاگاداری كار و چالاكییەكان و فێرخوازان و بەشەكانی زانكۆ بن، ڤیدیۆی لەبارەی ناساندنی فێرخوازەكان تێدایە، كە لە ڕەگەز و ئاین و نەتەوەی جیاوازی عێراقیی ڕەسەن پێك هاتوون. ئەمەش ئاماژەیە بۆ جوانیی سیاسەتی زانكۆكە، كە پابەندە بە جۆراوجۆرێتی و تێكەڵكردنی ڕەگەزە جیاوازەكان و قبووڵكردنی یەكتر. هەروەها چەند دەروازەیەكی تێدایە كە گرنگی بە كار و چالاكی و وۆركشۆپەكانی زانكۆكە دەدەن. پێناسەی خزمەتگوزاری و بەشەكانی ئێستای زانكۆی تێدایە و باسی ئەو بەشانەشی تێدایە كە بۆ ساڵی نوێ دروست كراون. لە ئایندەیەكی نزیكیشدا ماڵپەڕەكە كتێبخانەیەكی ئەلیكترۆنی دەكاتەوە، كە پڕ بێت لە سەرچاوە و كتێبی گرنگ و بەسوود، بۆ قوتابیانی زانكۆ و هەموو سەردانكەرانی دیكەی ماڵپەڕەكە.

جێی ئاماژەیە كە زانكۆی كاسۆلیكی، گرنگیی دەرفەتێكی نایابی خوێندنی باڵا بەرجەستە دەكات، سەرەڕای كرێیەكی گونجاوی ساڵانەی فێركردن، ئەو فێرخوازانەی پێویستیان بە پاڵپشتیی دارایی هەیە، CUE سیستەمێكی دارایی سەخاوەتمەندیان پێشكەش دەكات، بۆ ئەوەی كرێی خوێندنی پێ بدەن. هەروەها دەرماڵەیەكی تایبەتی خوێندنیش دەداتە ئەو فێرخوازانەی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگەن.

جێی باسە، زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر، دامەزراوەیەكی قازانجنەویستی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، بڕوانامە لە بوارەكانی: كارگێڕیی كار، ژمێریاری، توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی، تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بەنیازیشە بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 بەشەكانی فراوان بكات، بەشە زانستییە پزیشكی و تەندروستییەكان، پزیشكیی گشتی و پزیشكیی ددان، لقی نوێی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان، زانستە پەروەردەییەكان بە لقی جۆراوجۆر، دەرمانسازی و ئەندازیاری و لقەكانیان بكاتەوە. بڕوانامەكانی لە لایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كورستان و حكوومەتی فیدڕاڵی دانی پێدا نراوە.

سیستەمی خوێندن و فێركردن لەم زانكۆیە لەسەر زمانی ئینگلیزی بونیات دەنرێت، بۆ یارمەتیدانی فێرخوازانیش، زانكۆ پاڵپشتیی زمانەوانی لەپێش/یان لەمیانەی ساڵەكانی خوێندنی ئەكادیمی دەستەبەر دەكات. هەروەها ژینگەیەكی لێبوردەیی و جیاوازی ئەكادیمی هەیە، بەوپێیەی دامەزراوەیەكی ئەكادیمی كراوەیە و دابونەریتە جیاوازەكانی بواری خوێندنی باڵا دەپارێزێت و چاودێریی ئامادەكردنی نەوەی ئایندە دەكات، بۆ ئەوەی زانست و زانیاری و لێهاتوویی و شارەزایی پێویستیان بۆ ئامادە بكات، بەمەبەستی خزمەتكردنی كۆمەڵگای هەرێمی و نیشتمانی و نێودەوڵەتی.

زانكۆی كاسۆلیكی لە هەولێر، ئەندامی كیانی جیهانییە بۆ دامەزراوەكانی خوێندنی كاسۆلیكی، لەم سۆنگەیەشەوە هەوڵ دەدات بۆ هێنانی كەسانی پیشەگەر و زانای بەناوبانگی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی فێرخوازەكانی هاوتای زانكۆ جیهانییەكان بن. هەروەها دەرفەت بۆ فێرخوازەكانی دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی لەمیانەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیدا پەرە بە پەیوەندی و كارلێكەكانی لەگەڵ زانكۆ هاوبەشەكانی لە ئوستڕالیا، ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بدات.

https://portal.cue.edu.krd

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.