Erbil 38°C چوارشەممە 09 تشرینی یەکەم 21:15

یەکێتیی زانایان: هەرکەسێک ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە مزگەوتەکان گوناهبارە

له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته‌ خۆیان بپارێزن له‌م په‌تایه‌.
کوردستان TV
#7
100%


بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان رایگه‌یاند: هەر نوێژخوێنێك دەبێت بە بەرماڵ و ماسك و دەستكێشەوە بچێتە مزگەوت، هەركەسێكیش بەهۆی مەترسیی كۆرۆناوە نەچێتە مزگەوت، بۆ نوێژە فەرزەكانیش بێت، گوناهبار نابێت.

شێخ نیاز راغـب نقشبندی بەرپرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بۆ پاراستنی شكۆی مزگەوتەكان لە كوردستان لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تەنگی بە خەڵكی كوردستان هەڵچنیوە، بۆیە كاتێك شوێنەكان داخران، مزگەوتەكانیشی گرتەوە.

گوتیشی: ئێستا لەگەڵ كرانەوەی سەرجەم شوێنەكان، مزگەوتەكانیش دەكرێنەوە، له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته‌ خۆیان بپارێزن له‌م په‌تایه‌.

نەقشبەندی رایگه‌یاند: دەبێت موسڵمانان لەكاتی چوونە مزگەوت، بەتایبەت سبەینێ، كە نوێژی هەینی ئەنجامدەدرێت، پابەندی بە ڕێنماییەكانی تەندروستی بین.

نەقشبەندی دەشڵێت، نابێت مزگەوتەکان ببنە شوێنی ئەزیەتدانی موسڵمانان بۆیە دەبێ پابەندی ڕێنماییەکان بین و داوا لە هەموو موسڵمانان دەکەین کە ئەو پابەندییە وەک خۆی جێبەجێ بکەن، چونکە ئەگەر یەک حاڵەتی کۆرۆنا لە مزگەوت بڵاوبێتەوە دەبێتە هۆی فیتنەی دین، و دەبێتە هۆی داخرانی جارێکی دیکە دەرگای مزگەوتەکان.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، رایگەیاند: نوێژخوێنان و موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، لە پێناوی خودا و لە رێگای خودا تکایەکی برایانەمان هەیە ئەوانەی دەچنە ماڵی خودا بۆ ئەنجامدانی نوێژ، بە تایبەت کە بەیانی نوێژی هەینییە، تکایە پابەندبن بەو رێنماییانەی لایەنی تەندروستی دەستنیشانی کردووە بۆ نوێژخوێنان لە مزگەوتەکان.

شێخ نیاز نەقشبەندی، بەپێویستی دەزانێت موسڵمان ئەوە بزانن کە: "مزگەوت ماڵی خودایە، پێغه‌مبه‌ری خودا دروودری خودای لەسەر بێت فەرموویەتی خۆشەویسترین شوێن لەسەر زەوی لەلای خودا، مزگەوتەکانن. بۆیە لەسەر نوێژخوێنان پێویستە لە ماڵەکانی خۆیان زیاتر پارێزگاری لە ماڵی خودا بکەن و بیپارێزن.

گوتیشی: ئەگەر پابەند نەبین بە رێنماییەکان رەنگە تووشی دوو زیان ببین، یەکەمیان ئەوەیە مزگەوتەکان ببێتە شوێنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

دووەمیان ئەوەیە ئەو شوێنە پاک و پیرۆزە بکەوێتە بەر تانە و تەشەرو ببێتە ناوەندێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.

لەبارەی نەچون بۆ مزگەوت بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی: هەر موسڵمانێك بۆ پارێزگاری خۆی و پابەندی بە ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەگەر لەترسی كۆرۆنا نەیەتە مزگەوت بۆ نوێژە فەرزەكان بە نوێژی هەینیشیەوە گوناهبار نابێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.