ماوەیەک لەمەو پێش لە ڕێگای فه‌یسبووکه‌وه ئاگادار بووم کە دکتۆرەکانی کوردستان لە چەند ناوچەی هەرێمی کوردستان لەم هەلومەرجە ناسکەدا کە بەداخەوە پەتای نەخۆشی کۆرۆنا هێرشی هێناوە و زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە دەستیان بە مانگرتن کردووە و نەخۆشخانەکانیان جێ هێشتووە!
من وەک دوکتۆرێکی پسپۆری نەشتەرگەری بۆ ماوەی دە ساڵ لە نەخۆشخانەکانی دەڤه‌ری سۆران کارم کردووه و بە شاهیدی هەموو لایەک له هیچ خزمەتێك درێغیم نه‌كردووه، لە کاتی شەڕی داعش لە کوردستان به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه به شەو و ڕۆژ خزمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی ناوچەم کردووه، لە کاتی دەست پێکردنی ڕاسانی ڕۆژهەلات چەندین شەو و ڕۆژ لە شاخ خزمەتی پێشمەرگەم کردووه، دیارە لە سەر كه‌س نایکەمە منه‌ت و وەک کوردێکی شۆڕشگیر و وەک پێشمەرگەیەك ئەرکی سەرشانی خۆم بەجێ گەیاندووه و بە ئاواتم بە زووترین کات بتوانم سه‌رله‌نوێ بگەڕێمەوە کوردستان و دیسانیش خزمەت بکەم.
به‌م كورته پێشه‌یه‌كییه ده‌مه‌وێ چەند قسەیەک لە گەڵ دوکتور و پەرستارە بەڕێزەکان بکەم. من هەم لە کوردستان هەمیش لێرە لە هەندەران، پشتوپەنا و یارمەتیدەری ئیوە بووم و لە دەرد و مه‌ینەت و ماندووبوون و زەحمەتی ئێوە به‌وردی ئاگادارم، ئەوەش باش دەزانم لە وڵاتی بەڵالێدراوی ئیمە، ژیان بە بێ پارە و ڕاتب و معاش ناڵێم چەتوونە بەڵکوو هەر نابێ، بەڵام لە کاتی هاتنی ئه‌م په‌تا ماڵوێرانكه‌ره واته کۆرۆنا، دەست لە کار هەلگرتن تەنیا گیانی خەڵکی وەک ئێوەی هەژار و بێدەرەتان تووشی مه‌ترسی و دواجار مەرگەسات دەکات، خۆ ئەگەر لە دژی مرۆڤی کاربەدەست و حکوومەتی بێت خۆ ئەوان هێچ منەتیان بە کاری تۆ نییە و بە پارەی دزی و گەندەڵی جێگایەکی دیکە بۆ چارەسەری بە پارە دەدۆزنەوە.
بێگومان من وەک مرۆڤێکی دێموکرات باوەڕم بە خەباتی مەدەنی و سەندیکایی بۆ مافی پرۆفیشناڵی هەیە و ئەو خەباتەش هەر دەبێ هەبێت بۆ باشتر کردنی ژیان و گوزه‌ران و هەلومەرجی کار و نێشتەجی بوون، بەڵام بۆ لەم کاتە هەستیار و مه‌ترسیداره‌دا؟ خۆ نەخۆشی ڤایرۆسی کواید ١٩ حکومەتی کوردستان درۆستی نکردوو، خۆ هەر بە تەنیا دوکتور و پەرستار بێ معاش نین، بێ معاشی و فەقیری و هەژاری هەموو خەڵکی کوردستانی گرتووتەوە، تەنیا گەندەڵکاران و دەزەکان نەبێت.
لە بیرتان نەچێ ئیمە سوێندی پزشکیمان خواردووه، کە دەبێ لە هەموو کات و ساتێکدا بە پێی توانا و لێهاتوویمان یارمەتی پزشکی پێشکەشی نەخۆش بکەین ته‌نانه‌ت ئەگەر ئەو نەخۆشە دوژمنمان بێت، چ جای ئه‌وه‌ی هاوڵاتی و هاوخوێن و هی خۆمان بێ!
بۆیه لە دوورەوە دەستی هەمووتان ماچ دەکه‌م، له ئامێزی گه‌رمی برایانه‌تان وه‌ردێنم و سپاس و ڕێزم هەیە بۆ ماندووبوون و خزمەتکردنتان. له یادتان نه‌چێ له هه‌موو دنیادا ئێستا ئێوه مرۆڤه سپی پۆشه‌كانن كه بوون به قاره‌مانی نه‌ته‌وه‌یی، ئێستا ئێوه‌ن پێشمه‌رگه‌ی پارێزه‌ری گیان و ژیانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. بێ گومان ناوی ئێوه له یادی و زاكیره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا به پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه و ڕووڕه‌شیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به گه‌نده‌ڵی و دزی له سامانی ئه‌م خه‌ڵكه بوونه‌ته هۆی خوڵقانی ئه‌م دۆخه!
براتان دوكتور ڕۆژان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.