ئەمڕۆ دووشهممه لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ دەستپێدەكاتەوە و سەرپێچیكاران سزا دەدرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قامیمقامی ناوەندی ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ھەڵمەتەكە لە سەرەتادا لە سنوورە پیشەسازییەكان دەستپێدەكاتەوە، كە ھێڵی كارەبایان بەشێوەی زێدەڕۆ راكێشاوە، ھەروەھا ھەڵمەتەكە شوێنە بازرگانییەكان و ئەو ماڵانەش دەگرێتەوە كە ھێڵی كارەبایان لە شوێنە گشتییەكان بەشێوەی زێدەڕۆ راكێشاوە.
راشیگهیاند ، دەمانەوێت ئەو كارەبایەی دزراوە بیگێڕینەوە، بۆ ئەوەی دۆخی نالەباری كارەبا چاكبكەینەوە و كاتژمێری پێدانی كارەبا زیاد بكرێت، لەو چوارچێوەیەدا لە رۆژانی رابردوودا لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ھەنگاوێكی گرنگ نراون بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا.
قایمقامی ناوەندی ھەولێر راشیگەیاند: "ھاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو ھەڵمەتە لە قازانجی ئەوانە، بۆیە داوا دەكەین ئەوانەی كارەبایان بە زێدەڕۆ راكێشاوە پێش ئەوەی تیمەكان سەردانیان بكەن، خۆیان سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی كارەبا بكەن، بۆ ئەوەی سزا نەدرێت.
ھەر لەو كۆنگره رۆژنامەوانیەدا حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر رایگهیاند ، لە سەرەتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەرۆمان دەستپێكرد و لە ماوەی مانگێكدا نزیكەی ھەزار و 400 كەس كارەبای زێدەڕۆییان لێبڕدرا و سزای داراییش دران.
وتیشی ھەڵمەتەكەی ئەمڕۆ سنووری ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی كارەبای 1 و 2ی ھەولێر دەگرێتەوە، ھەروەھا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەقڵاوە و پیرمام و سۆران و كۆیە كار لەسەر بڕینی زێدەڕۆییەكان دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.