Erbil 38°C چوارشەممە 09 تشرینی یەکەم 03:37

بەریتانیا.. شکاندنی پەیکەری ئیدوارد کۆلستۆن سمبولی کۆیلایەتی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە

لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا
کوردستان TV
100%


لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا كە لە شاری بریستۆل باشووری رۆژئاوای بەریتانیا دژبە رەگەزپەرستی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران پەیكەری ئێدوارد كۆلستۆن كە بازرگانی كۆیلایەتی بوو لە سەدەی ١٧دا، شكاند.


لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا كە لە شاری بریستۆل باشووری رۆژئاوای بەریتانیا دژبە رەگەزپەرستی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران پەیكەری ئیدوارد كۆلستۆن، كە بازرگانی كۆیلایەتی بوو لە سەدەی ١٧دا، شكاند و دواتر فڕێیاندا ناو ئاوی رووبارێكی شارەكە و شوێنی پەیكەرەكەیان كرد بە سەكۆی قسەكردنیان.

لە میدیاكانی خۆجێی بڵاوكراوەتەوە كە خۆپێشاندەران گوریسیان بەكارهێناوە بۆ داگرتنی پەیكەری ئیدوارد كۆلستۆن كە لە برۆنز دروستكراوە دواتر شكاندوویانە.

شكاندنی پەیكەری ئەو کەسایەتییە دوای خۆپێشاندانێكی ناوەندی شاری لەندەن دێت كە دوێنێ‌ شەممە ئەنجامدرا كە لە میانیدا پێكدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا روویدا.

بەپێی میدیاكان، دوای شكاندنی پەیكەری ئیدوارد كۆلستۆن، خۆپیشاندەران پەیكەرەكەیان فڕێداوەتە ناو ئاوی رووبارێكی شارەكە و شوێنی پەیكەرەكەیان كردووە بە سەكۆی قسەكردنیان.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان فەرماندەی پۆلیس، ئاندی بینێت رایگەیاند كە تێگەیشتنیان بۆ خواستی گەل لە خۆپیشاندانەكاندا هەیە كە بە پێشێلكردنی بنەمای كەرەنتین دادەندرێت و گوتی:

"خۆپیشاندەران هاتوون تا راوبۆچوونی خۆیان لە ستەمی رەگەزپەرستی و نەبوونی یەكسانی دەرببڕن و ئەوان بە ئاشتیانە ئەو كارەیان كردووە".

هاوكات پۆلیس بەڵێنی دا كە لێكۆڵینەوە لە شكاندنی پەیكەرەكەی ئیدوارد كۆلستۆن بكات كە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە شكێندراوە و فریدرایە ناو ئاوی رووبارەوە.

لە لایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی "پاترسی" لە شاری لەندەن گردبوونەوە و لە میانیدا، كوژرانی جۆرج فڵۆید-یان ئیدانە كرد.

لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا روویدا و لەوبارەوە كۆمیسیاری پۆلیسی لەندەن، كریسیدا دیك رایگەیاند كە لە ئاكامی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادانەكاندا، ١٤ ئەفسەری پۆلیس برینداربوون و ١٤ خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.

ئیدوارد كۆلستۆن، یەكێك بووە لە ئەندامانی كۆمپانیای شاهانەی ئەفریقا كە نزیكەی ٨٠ هەزار پیاو، ژن و منداڵی لە ئەفریقاوە وەكو كۆیلە بردووەتە ئەمریكا و لە ساڵی ١٧٢١ بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات سامان و سەروەتەكەی بەخشیوە بۆئەوەی لە كاری خێرخوازیدا بەكاربهێندرێت، تا ئێستاش لەسەر شەقام و باڵەخانەكانی شاری بریستۆل یادەوەرییەكانی ئەو بازرگانە هەر ماون.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.