Erbil 38°C چوارشەممە 09 تشرینی یەکەم 03:33

شیرین فوئاد مەعسووم: سەرۆک بارزانی لە دەرەوە وەک سەرۆکی هەموو کورد دەناسرێت

سەرۆك مەسعود بارزانی تەنها ڕابەری كوردە لە مەیدانەكەدا
کوردستان TV
100%


 دكتۆرە شیرین فوئاد مەعسووم، شارەزا لە پێوەندیی نێوان ئەمەریكا و كوردستان و چالاكوان بۆ بەدەوڵەتبوونی كوردستان باس لە پێوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق و یەكڕیزیی ناوخۆ و پێویستیی مەرجەعێك بۆ كورد دەكات.

شیرین فوئاد مەعسووم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: پێوەندیی عێراق و كوردستان وەك خۆی دەمێنێتەوە، هەوراز و نشێوی تر دەبینێت و دەبێت چاوەڕێی گیروگرفت بین هەتا ئەگەر سەرۆكوەزیران كورد بێت، چۆنییەتی ئەو پێوەندییە تەنها بە كەسایەتیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دیاری ناكرێت، بەڵكوو زۆر فاكتەری تر هەن دەستنیشانی ئەو پێوەندییە دەكەن، وەك مەرجەعیەتی ئایینی و حزبەكان و وڵاتانی دەرەوە، بۆ نموونە لە لوتكەی هاوپەیمانیی كوردستان و عێراق هیچ لە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر نەكران، وەك ماددەی 140ی دەستوور و یاسای نەوت و غاز.

شیرین فوئاد مەعسووم گوتیشی ، جیاوازیی نێوان بەغدا و هەولێر زۆرن، ئەمەش زیاتر پێوەندی بە ئەقڵییەتی یەكترقبووڵكردن و شۆفێنییەتەوە ‌هەیە، بەشێك هەیە لە بەغدا چاویان بەرایی نادات بە سەركەوتنی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكەی، ئاشكرایە وڵاتانی دراوسێ كاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر عێراق (ئەگەر عێراق بەڕێوە نەبەن) ئەوانیش بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ئەو سەركەووتوییەی  كوردستان ناكەن و ترسیان لەسەر  كاریگەری ئەو ئازادی و پێشكەوتنەی هەرێم لەسەر كوردانی وڵاتەكانیان هەیە.

دەشڵێت ، بە ڕای من ئەگەر سەرۆكوەزیرانی عێراق باش بێت لەگەڵ كورد، بە بۆچوونی چەند كەسانێك ئەوە بۆ تەنها دواخستن و هێوركردنەوەی جیاوازییەكان دەبێت بەبێ چارەسەری ڕاستەقینەی كێشە هەڵواسراوەكان.

 راشیده‌گه‌ێنێت ، پێوەندیی ئێمە لەگەڵ سەرۆكوەزیران، پەیوەستە بەو لایەنەی پاڵپشتی دەكات، نموونە حەیدەر عەبادی بۆ ڕازیكردنی حەشدی شەعبی و هەندێك لە شیعە توندڕەوەكان چەندەها كاری ناڕەوا و خراپ و دوور لە دەستووری كرد، كورد باش دەزانێت ئەو برا عەرەبەی لە شاخ جلی كوردی لەبەر دەكرد، ئێستا هەمان كەس نییە كە لە بەغدا دەسەڵاتدارە.

شیرین فوئاد مەعسووم ئاماژەش به‌وه‌ش ده‌دات ئێمەی كورد بێ گوناح نین لەو ناجێگرییەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، ئێمە دەبێت كار بكەین و سیاسەت داڕێژین بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن و كاركردن لە ناو عێراقێكی فیدڕاڵدا و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەگەرەكان، ژمارەیەكی كەمی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بەرژەوەندیی حزبی و كەسایەتیی خۆیان لا گەورەتر و گرنگترە لە مافەكانی گەلی كورد، پەرلەمانتارمان هەبووە لە بەغدا زۆر بە دڵ و جەرگەوە شەڕیان بۆ مافی حەشدی شەعبی دەكرد، وایان دەزانی زمانیان بریندار دەبێت ئەگەر باسی پێشمەرگە بكەن، تەنانەت هانی عەرەبەكانیان دەدا بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان ڕەوانە نەكرێت و وەك كارتێكی فشار دژ بە هەرێم بەكار بهێندرێت.

 هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت ، یەكبوون و هاودەنگیی كورد بە ئامانجی دۆزی نەتەوەكەمان و مافی ڕەوای میلەتەكەمان، ڕاستییەكی ئاشكرایە و پێویستی بە توێژینەوە و شیكردنەوە نییە، هەموو كاتێك بانگەوازی ئەوەم كردووە جیاوازیی حزبی و كەسایەتی وەلاوە بندرێت كاتێك دەگاتە بەرژەوەندیی میللەت و چارەنووسی كورد، پێویستە یەكتر قبووڵ بكەین و مەرجەعییەتێك بۆ كورد دیاری بكرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دەرەوەی كوردستان.

ده‌شڵێت ، زۆر گرنگە كورد وەزارەتی سیادیی لە بەغدا وەربگرێت، ئەمەش ڕاستی و نیەتپاكیی حكوومەتی مەركەزی دەردەخات لە هاوبەشیكردنی ڕاستەقینەی كورد لە بەڕێوەبردنی عێراق، هەتا ئەوكاتەی ئێمە بەشێك بین لە عێراق، ئەوا پێویستە بە هەموو هێزەوە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق بكەین و بەشی خۆمان لە وەزارەتەكان وەربگرین، هەروەها بوونی كوردێك لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە، بێگومان قازانجی زۆر دەبێت وەك دانانی چەند كوردێك لە باڵیۆزخانەكان و هاندانی وڵاتان بۆ پێوەندیكردن لەگەڵ كوردستان، بەهێزكردنی پێوەندیی دیپلۆماسی و گەیاندنی داخوازیی گەلەكەمان بە میللەتانی تر، بۆ پێكەوەژیان لە عێراقێكی فیدڕاڵ بێ جیاوازی لە ئایین و نەتەوە و مەزهەبەكان".

شیرین، ئەوەش دەخاتە ڕوو: پێًویستە چاوەڕێی ئەوە بكەین وەزیرە كوردەكان بە ئامانەت و پڕۆفیشناڵی كارەكانیان بكەن لە بەغدا، تا ئێمە بەشێك بین لە عێراق كار بۆ بەرژەوەندیی گشت نەتەوەكانی عێراق بكەین، نوێنەرانمان لە بەغدا پێویستە شەڕ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بكەن، وەك مافی بودجە و مافی پێشمەرگە و مافە ئیداری و یاساییەكانمان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ، دەبێ ئێمە ئەو ڕاستییە قبووڵ بكەین دوور لە عاتیفە و مەسەلە شەخسییەكان، كەوا جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی تەنها ڕابەری كوردە ئێستا لە مەیدانەكەدا، لە دەرەوە وەك سەرۆكی هەموو كورد دەناسرێت، بەڵام ئەوانی دیكە وەك سەرۆك حزب دەبیندرێن، ئێمە بۆ مەسەلەی كورد و سەربەخۆیی كوردستان پێویستیمان بە مەرجەعییەت و ڕابەر هەیە، حزبەكانی تر وەك هەموو حزبە عێراقییەكان لە لایەن وڵاتانی ترەوە وەك حزبێك تەماشا دەكرێن. ڕاستییەكەی، بەو شێوە كاركردنەی ئێستا و ڕابردووش، هەر ئەوەندەمان دەست دەكەوێت كە هەمانە، بوونی ڕابەرێك كە هەموو كوردی لە پشت بێت لەگەڵ لۆبی كاریگەر و بەهێز لە دەرەوە، زۆر زەروورە بۆ گەیشتن بە ئامانج، یان بەشێك لە عێراقی فیدڕاڵی دیموكرات مافی كوردی تێدا پارێزراو بێت، یان كاركردن بۆ سەربەخۆیی.

شیرین فوئاد مەعسووم دەشڵێت ، ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك مەسعوود بارزانی و مەكتەبی سیاسیی پارتی، زۆر جێگای دەستخۆشییە و هیوادارین هەموو حزبەكان بە ڕوحیەتێكی كوردایەتی بەتەنگیەوە بێن و كاركردن بۆ هاودەنگی و پشتیوانیكردن لە مافی كورد لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، هەروەك چۆن لە ماوەی زێڕینی جەنابی سەرۆك مام جەلال كە سەرۆككۆماری عێراق بوو، هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان بوو، پێگەی كورد لە بەغدا زۆر بەهێز بوو و زۆربەی لایەنەكانی تر ئیرەییان بە یەكدەنگیی كورد دەبرد.

ناوبراو ئەوەش ناشارێتەوە، پەتای كۆرۆنا، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ژیانی خەڵك و ئابووریی وڵاتان، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی باشی ناوە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، بەداخەوە هەرچەندە پێویست بوو خەڵك لە ماڵەكانیان بمێننەوە و كەرەنتینە بن، بەڵام ئەمەش كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر ئابووریی خەڵك و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری، كە هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی سیستەمێكی تایبەت بە هاوكاریكردنی هاووڵاتیان و یارمەتیدانی خەڵكی كەمدەرامەت و بێكاران دەگەڕێتەوە.

 

شیرین فوئاد مەعسووم هەروەها دەڵێت ، لێرەوە دەستخۆشی لە كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دەكەم، ئەو پلان و هەنگاوانەی چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵی لە كوردستان، پێویستە كاری ڕژد بكرێت بۆ ڕاگرتنی مووچەی بندیوار و دوومووچەیی و ئەوانەی بە ناڕەوا خانەنشین كراون، پەتای كۆرۆنا و ئاڵۆزیی پێوەندی لەگەڵ بەغدا، كاریگەری ترسناكی گەندەڵی لە كوردستان ئاشكرا كرد، پشتبەستنی ژمارەیەكی زۆری خەڵك بە مووچە و كەمیی وەبەرهێنان لە گشت بوارەكان نالۆژیكییە، قەڵاچۆكردنی گەندەڵییش پێویستی بە پشتیوانیی هاووڵاتییان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ڕاستگۆ و جیددی بین، دەبێت چاكسازی لە سەرەوە دەست پێبكات و هەموو گەندەڵێك ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە لە دادگایەكی شەفاف و یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت.

 
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.