قائیمقامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: دۆخه‌كه واده‌خوازێت ئاستی خۆپارێزی و تاك پارێزی به‌رز بكه‌ینه‌وه و خۆمان و كه‌سوكار و خۆشه‌ویستانمان بپارێزین.
له‌دیوانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی، ئاوات محه‌مه‌د و ئاماده‌بوونی لیژنه هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له سیتییه‌كان و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبون، مه‌له‌وانگه و هۆڵه‌كانی وه‌رزش، كافتریا و چێشتخانه، میوانخانه، ئوتێل و مۆتێل، سه‌تاشخانه و ئارایشتگاكان، نانه‌وا و فڕنی سه‌مونخانه‌كان، به‌نزینخانه و پیشه جیاوازه‌كان كۆبوه‌وه.
ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی زۆربونی ژماره‌ی توشبون و خێرا بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه، دۆخه‌كه واده‌خوازێت ئاستی خۆپارێزی و تاك پارێزی به‌رز ببێته‌و و له هه‌مو شوێنێك خۆمان بپارێزین، باشترین رێگه‌ش بۆ خۆپاراستن جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و به‌كارهێنانی ده‌ستكێش و ده‌مامك و دروست نه‌كردنی قه‌ره‌باڵغییه.
وتی: مرۆڤایه‌تی روبه‌ڕوی ده‌ردێكی كوشنده بوه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه هه‌رێمی كوردستان ئێستادا له قۆناغێكی مه‌ترسیدایه، سروشتی ڤایرۆسه‌كه‌ش به‌جۆرێكه ته‌ندورستی هه‌موومان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌یه‌كه‌وه بۆیه پێویسته خۆمان و كه‌سه نزیك و خۆشه‌ویسته‌كانمان بپارێزێن تا بتوانین به‌هه‌مو لایه‌كمانه‌وه به كه‌مترین زیان له‌م دۆخه ده‌ربازبین.
وتیشی: پێیوسته خاوه‌نی شوێنه‌كان ده‌رمانی پاكژكه‌ره‌وه و ده‌ستكێش و ده‌مامك به‌كاربهێنن له‌گه‌ڵ دانانی شریتی قه‌ده‌غه‌كردنی چونه ژوره‌وه‌ی كڕیاران بۆ شوێنه‌كانیان و رێگریكردن له دروستكردنی قه‌ره‌باڵغی بكه‌ن، هه‌ر هاوڵاتییه‌كیش ده‌ستكێش و ده‌مامكی نه‌به‌ستبو نه‌هێڵن بچێته شوێنه‌كه‌یان.
راشیگه‌یاند: ئه‌ركه سه‌ره‌كیه‌كه كه‌له ئه‌ستۆی هه‌مومانه بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه و سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌دا، بۆئه‌و مه‌به‌سته و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باشترین خۆپارێزی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و خۆپارێزییه له فه‌رمانگه‌كان و بازار و شوێنه‌كان.
ئاوات محه‌مه‌د، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی راسپارد به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام شه‌وڕۆژ بخه‌نه سه‌ریه‌ك بۆ سه‌ردان و پشكنینی هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كاڵاوشمه‌ك و پێداویستی رۆژانه رویتێده‌كه‌ن، له‌كاتی هه‌بونی سه‌رپێچی له رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و خۆپارێزی، شوێنه‌كه و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند بكه‌نه‌وه.
س . ب
راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.