Erbil 38°C سێشەممە 08 تشرینی یەکەم 07:46

وەزیری ناوخۆ: ئەوانەی خەڵکیان لە خۆپاراستن لە کۆرۆنا سارد کردەوە، بەرپرسیارن

وەزیری ناوخۆ: ناھێڵین ھاوشێوەی ھەندێک وڵات، تەرمی ھاووڵاتیان لە شەقامەکاندا بکەوێت
کوردستان TV
100%

وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیان بۆ ڕووبەڕوونەوەی پەتای كۆرۆنا هاوكات لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دووپات كردەوە و راشیگەیاند كە ئەوانەی خەڵكیان لە خۆپاراستن لە كۆرۆنا سارد كردەوە، بەرامبەر ئەوانەی كە گیانیان لەدەست دا، بەرپرسیارن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "ئامادەکارییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ڕێگریی کردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، بێگومان دوێنێ چوارشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، لیژنەیەکی باڵای وەزارەت لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان كۆبووەوە، تێیدا بڕیار درا ڕێکارەکانی خۆپارێزی توند بکرێت، ھەروەھا ھاتوچۆی نێوان شار و شارۆچکەکان و خاڵە سنوورییەكان توندتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ کراوە لەسەر چۆنیەتیی دانانی ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و ھەموو ئەو ھێزانەی دیکەی لە ئەرکدان، تاوەكوو نەبنە ھۆکارێک بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

روونیشی كردەوە، هەرچەندە ڤایراسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە لە قۆناغی ئەوەداین کە پێویستە ھەموو ھاوڵاتییەک بەرامبەر بە تەندروستیی خۆی بەرپرسیار بێت، چونکە شارەزایانی تەندروستی دڵنیامان دەكەنەوە كە ئەگەر خەڵکی خۆپارێزی بکات، پەتای کۆرۆنا تێدەپەڕێنین و ھەرێمەکەمان لەو ڤایرۆسە پاک دەبێتەوە، بەڵام ئەوە پیویستی بە خۆپارێزی و ھۆشیاریی هاووڵاتیانە، چونکە ئەگەر ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکەن، بێگومان ڤایرۆسەکە کاریگەریی خراپی بۆ ھەموو ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبێت".

وەزیری ناوخۆ ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە لە چەند وڵاتێکی ئەورووپی، خەڵکانێک ھەبوون لە سەرەتایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دژی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بوون، بەڵام دواتر کە زانییان خەڵکێکی زۆر تووشی ڤایرۆسەکە بووە و تەرمی ھاووڵاتیان لەسەر شەقامەکان کەوتووە، ئەو کەسانە لە سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە بەیاننامەیان دەکرد و پەشیمانبوون لەوەی کە خەڵکیان لە خۆپارێزی سارد کردووەتەوە، بەڵام نازانین ئایا ئەو کەسانەی لێرە بانگەشەی نەبوونی ڤایرۆسەكەیان دەکرد، ئێستا دوای گیانلەدەستدانی سی ھاووڵاتی، تاچەند بەشیمانن.

جەختیشی كردەوە: ”ئەوانەی ئێستاش بانگەشەی نەبوونی ڤایرۆسەکە دەکەن، یان ئەجێندای سیاسی تێکەڵی ڤایرۆسەکە دەکەن، تاوانبارن بەرامبەر بە گیانلەدەستدانی ئەو ھاووڵاتیانەی بەھۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە و ھەقە خەڵک لێیان قەبووڵ نەکات".

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گڕوتینێكی زیاتر لە جاران، کاری جددی دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزێت، ھەروەھا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان فەرمانی کردووە بە ھەموو وەزارەتەکان کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڤایرۆسەکە بکەن، بەڵام ئێمە زیاتر پشتمان بە ھاووڵاتیان بەستووە تاوەكوو خۆپارێزی بکەن، دواجار حکوومەتی ھەرێمی كوردستان هەوڵی ڕێگەگرتن لە پەتای كۆرۆنا دەدات و ناھێڵین ھاوشێوەی ھەندێک وڵات، تەرمی ھاووڵاتیان لە شەقامەکاندا بکەوێت“.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.