ئەندامێکى لێژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەهۆى ئەو بارودۆخە داراییەى عێراقى تێکەوتووە،حکوومەت تواناى فشارێکى زۆرى لەسەرە و ئەگەر قەرز وەرنەگرێت ناتوانێت تاچەند مانگى دیکە مووچەى فەرمانبەرانى بدات.
شێروان میرزا، ئەندامى لێژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە كوردستان تیڤی راگەیاند: بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆڕناوە، عێراق دووچارى قەیرانێکى جدى دارایى بووەتەوە و حکوومەت بارێکى گرانى کەوتۆتە سەرشان، ئەگەر قەرز وەرنەگرێت ناتوانێت لەچەند مانگى داهاتوو مووچەى فەرمانبەران بە تەواوى بدات، چونکە خەرجییەکان زیاترە لەو داهاتەى مانگانە دەستى دەکەوێت.
راشیگەیاند: بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە حکوومەت پڕۆژەیەکى ناردە پەرلەمان بۆئەوەى بتوانێت قەرز وەربگرێت لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق، بەڵام بەپێى یاساى کارگێڕى دارایى عێراق حکوومەتى ناتوانێت قەرز وەربگرێت، بۆیە پڕۆژەکە رەتکرایەوە لەلایەن پەرلەمانەوە.
ئاماژەى بە ئەوەش کرد پەرلەمان دەیەوێت ئەگەر یاساکە دەستکاریش بکرێت بۆ ئەوەى عێراق چ لە وڵاتانى دەرەوە یان سندوقى نێودەوڵەتى دراو قەرز وەربگرێت،بەمەرج و کۆت و بەند رێگە بەحکوومەت بدات و تەواو دەستکراوە نەبێت بەئارەزووى خۆى چەند و چۆنى بیەوێت قەرز وەربگرێت، چونکە ئەو سوەى دەچێتە سەر قەرزەکە و چۆنیەتى پێدانى قەرز بەعێراق کاریگەریى دەبێت لەسەر داهاتووى ئەو وڵاتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.