Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:51

پانزە ساڵ پێگەیاندن

سەكۆیەك بووە بۆ دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و هەرگیز دەرگای بەسەر هیچ لایەنێك دانەخستووە
کوردستان TV
100%

چەند رۆژی دیكە دەزگای زاری كرمانجی بۆ رۆشنبیری و راگەیاندن 15 ساڵی تەمەنی كۆتایی پێ دێت و مومی 16 ساڵەی دادەگیرسێنێت، ئەمەش تەمەنێكی كم نییە، لەم ماوەیەش بە كۆمەڵێك دۆخی خۆش و ناخۆش، هەبوونی و نەبوونی تێپەڕیووە، ئەو كاتانەی لە رووی ماددییەوە لە دۆخی باش دابووین چالاكی و كاریگەرییەكانیشی زۆر زیادتر بوون، دواتر بەهۆی دۆخی نەخوازراوی سیاسی و ئابووری كە بەسەر كوردستاندا هات، راستەوخۆ كاریگەری كردە سەر ئەم دامەزراوەیەش واتە بەخشینی مانگانەی 80% كم كرایەوە، لە لایەكی دیكەش بەشێكی دیاری ئەو قەڵەم بەدەست و راگەیاندنكارانەی لە زاری كرمانجی كاریان دەكرد، روویان لە كەناڵەكانی دیكەی كوردستان كرد بەتایبەتی لە هەولێر، ئەمەش كاریگەرییەكانی سەر ئەم دەزگایەی چەند هێندە لێ كرد، چونكە هیچ دامەزراوەیەكی راگەیاندن ناتوانێت بە بێ كادیری بەتوانا و ئیمكانیاتی ماددی وەك پێویست و بەجۆرێك كە كاریگەری هەبێت كارەكانی رایی بكات.
بەڵام بە هیمەتی ماندوو نەناسانەی كارمەندانی ئێستای دەزگای زاری كرمانجی نەیانهێشت ئەم دامەزراوە رۆشنبیری و راگەیاندنە كە تاقە دەزگای دەڤەری سۆرانە بخنكێت و لە كارەكانی بەردەوامە، هەر چەندە ویستی ئێمە بۆ كار كردن و گەشە پێدانی بەشەكانی دەزگا زۆر لەوەی ئێستا زیاترە، بەڵام ئیمكانیاتی ماددی نەیهێشتووە تینیویەتی ئێمە و هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران بشكێت.
ئێستاش هەفتەنامە، رادیۆ، ماڵپەر و كتێبخانەی زاری كرمانجی لە خزمەت كردن بەردەوامن، جگە لە ئەنجامدانی دەیان كۆر و سمینارات و كردنەوەی 24 خولی رۆژنامەوانی، شانازی دەكەین كە زیاتر لە 600 گەنجی دەڤەری سۆران تا قەزای شەقڵاوە لە خولەكان سوودمەند بوونە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 100 گەنج چ بە شێوەی فەرمی یا گرێبەست لە كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندن كار دەكەن.
لەم یادە بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەم كە بە وشەیەكیش بێت هاوكارمان بوونە تا ئەم دەزگایە نەوەستێت، بە تایبەتی بەڕێزان لە نووسینگەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، هەموو دەم دەرگایان بۆ ئێمە كراوە بووە، ئەوانیش نەبوونایە دەزگا دەوەستا.
سوپاسی نووسەران و رۆشنبیرانی دەڤەری سۆران دەكەم، كە زۆرجار بێ بەرامبەر هاوكارمان بوونە.
نەبوونی ئەم دەزگایە كەلێنێكی دیار لە دەڤەری سۆران دروست دەكات، لەبەر ئەوەی زاری كرمانجی وەك چاودێرێكی بەردەوام بەسەر دامەزراوەكانی حكومی و ناحكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە بووە و لە نەهێشتنی رۆتینیات و گەندەڵی دەوری هەبووە، هەروەها كاری جددی و تاقەت پروكێنی لە سەر دیاردە قێزەوونەكانی كۆمەڵایەتی كردووە، تا بۆی لووا بێت و تاقەتی هەبووبێت لە رووی سیاسییەوە بە شێوەی سەربەخۆ و بێ لایەنەنانە كاری كردووە و هەواڵ و رووداوەكان و بەدواداچوونەكانی وەك خۆی گواستۆتەوە.
هەردەم سەكۆیەك بووە بۆ دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و هەرگیز دەرگای بەسەر هیچ لایەنێك دانەخستووە.
وەك ناوەندێكی كۆكەرەوەی گەنجان و هونەرمەند و بەهرەمەندان بووە، رۆژانە دەیان گەنج روو لەم دەزگایە دەكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاكی، كە بەداخەوە بەهۆی بێ ئیمكانیاتی نەماتووانیوە وەك پێویست دەستیان بگرین.
بەشەكانی زاری كرمانجی هەموو دەم وەك سەرچاوەی باوەڕ پێكراوی هەواڵی تەواوی كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندن بووە، ئەوەی بۆمان كرابێت بە هەموو كارمەندانەوە بۆ خزمەتكردن درێغیمان نەكردووە، لە هەمانكاتیشدا دەزانین لە ئاست حەز و ویستی خوێنەران و بێسەران و رۆشنبیران و نووسەران نین، بەڵام بەم ئێمكانیاتە كمەی ماددی و مرۆڤی هەرئەوەندەمان لە دەست هاتووە، دڵنیاشم لە ماوەی داهاتوویەكی نزیك دۆخی دەزگا بەرەو باشی هەنگاو دەنێت و خزمەتی زیاتر دەكات.
دووبارە سوپاس بۆ كارمەندانی ئێستای زاری كرمانجی، كە پێشمەرگە ئاسا بەردەوام بوونە و كۆڵیان نەداوە.

ن / ئیسماعیل ئیبراهیم

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.