Erbil 38°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 22:28

د. دیندار زێباری: پێشوازی له‌ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تیمی یۆنامی هەرێمی کوردستان و عێراق ده‌که‌ین

داوا دەکەین یۆنامی کارەکانی لە هەرێمێ کوردستان بەرفراوانتر بکات
کوردستان TV
100%

رۆژی 29/5/2020 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان له دوایین راپورتیدا، ماوەی کارکردنی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی) تا 31/5/2021 درێژکردەوە.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێمە پێشوازی له دوایین راپورتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تیمی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک.

لە ماوەی کارکردنی تیمی ناوبراو توانیویەتی لە زۆر بوارد هاوکاری عێراق بە گشتی بکات. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یۆنامی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی بەردەوامدایە و هەماهەنگییەکی باش لە نێوانماندا هەیە بەتایبەتی لە بواری مرۆیی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ. دیندار زێباری سەبارەت بەو ئەرکانەی کە پێویستە یۆنامی لە داهاتوودا گرنگییەکی زیاتریان پێ بدات وتی: لە دوای ساڵی 2003 یەکێک لەو گرفتانەی کە پێویستی بە چارەسەرکردن هەبوو، وەک کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەم رووەوە یۆنامی تا راددەیەک رۆڵی هەبووە، بەڵام ئومێد دەکەین لە داهاتوودا ئەم رۆڵەی زیاتر و کاریگەرتر بێت.

لەبارەی رۆڵی یۆنامی لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: چارەسەرکردنی رەوشی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە و ئاریشەکانی دیکەی نێوان كوردستان و بەغدا بەپێی دەستوور و دیالۆگ و لێکتێگەشتن زامنی سەقامگیری و ئارامی تەواوی عێراقە ولەو رووەوە یۆنامی دەتوانێت رۆڵێكی زیاتر ببینێت بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆ ئەوەی هەنگاوی پراكتیكی بۆ جێبەجێكردنی رێکكەوتنە سیاسییەكانی نێوان پێكهاتەكانی عیراق بە شێوەیەكی گشتی بهاوێژرێ.

د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون و سەرەڕای ئازادکردنی ناوچەکانیان تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە راپورتی یۆنامی لە داهاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە باشتر کردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەران بدات، چونکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەرێمی کوردستانی خستۆتە قەیرانێکی ئابووری سەختەوە، لەم رووەوە یۆنامی دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی لە بارەی ئەو رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی کە عێراق ئەندامە تێیدا و پەیوەستن مافی مرۆڤ، هەروەها ئەندامە لە لیژنەی هەماهەنگیکار لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، بۆیە داوا دەکەین یۆنامی کارەکانی لەم رووەوە لە هەرێمێ کوردستان بەرفراوانتر بکات. شایەنی باسە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی)، نێردەیەکی سیاسییە لەسەر داوای حکومەتی عێراق بەپێی بڕیاری ژمارە (١٥٠٠)ی ساڵی 2003ی ئەنجومەنی ئاسایش دامەزراوە، لە ساڵی 2007 بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧٧٠) کارەکانی بەرفراوانتر کردووە و رۆژی 29/5/2020 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێک.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.