پڕۆسه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، پرسی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رده‌وامی هه‌یه، له‌دواین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵای سەربازیدا گفتوگۆ له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی مووچه، بوودجه‌و خه‌رجه گشتییه‌كان كرا، به‌شێوه‌یه‌ك بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه داراییه سه‌خته‌ی هاتۆته پێشه‌وه.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه كه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت، له‌گه‌ڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 و نه‌جات عه‌لی ، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 80 ئه‌فسه‌رانی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆبۆوه.
راشیده‌گه‌یه‌نن ، له‌ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه، پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر دواین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسكرد، كه تیایدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی بوودجه‌و مووچه، كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی په‌سندكراوی چاكسازی ده‌كات و له‌سه‌ر دانانی به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌و مووچه‌ی پله باڵا‌و تایبه‌ته‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك بگونجێت له‌گه‌ل ئه‌و دۆخه داراییه سه‌خته‌ی هاتۆته پێشه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، پاڵپشت به مادده‌ی( ٤ ) ی ناو پڕۆژه یاسای پەسندکراوی چاكسازی حكومه‌ت له‌بواری پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، هه‌وڵه‌كان به‌ئاراسته‌ی رێكخستن و هاوتاكردنی مووچه‌ی ئه‌و هێزانه ده‌بێت، هاوكات بۆ ده‌ستباری دۆخه‌كه گفتوگۆكانمان له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیه گشتیه‌كان ده‌بێ، به‌تێگه‌یشتنمان له سه‌ختی باری دارایی ئێستای هه‌رێم.
له‌كۆتادا رایده‌گه‌یه‌نن كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر دانانی میكانیزمێكی گونجاو كرده‌وه، كه له‌رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بودجه‌و به‌رنامه‌كانی ژمێریاری سه‌ربازی وه‌زاره‌ت، راپۆرتی پوخت و دیراسه‌كراو ئاماده‌بكرێت و دوای گفتوگۆی وورد، ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێت.
دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.