ئه‌مرۆ 21/6/2019 رۆژی جیهانی یۆگایه ، به درێژایی چه‌ندین سه‌ده یۆگا، لای زاناكان و خه‌ڵكانی بلیمه‌ت و هه‌ڵكه‌وتوو، خاوه‌ن پێگه و گرنگیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی بووه،یۆگا له‌راستیدا زانستی به‌خزمه‌تگرتن و زاڵبوون و گه‌وره‌بوونی بیر و هه‌ست و له‌شی مرۆڤه‌كانه.
یۆگا ڕێگه‌یه‌كی عیرفانی فه‌لسه‌فی ڕۆحییه، مه‌به‌ستی به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی مرۆڤه له خودی خۆی كه فه‌یله‌سوفه‌كان پێی ده‌ڵێن ( خۆناسین ) له‌و ڕێگه‌یه‌وه مرۆڤ به‌ره‌وخۆشبه‌تی هان ده‌دات.
یۆگا پێنج هه‌زارساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ری هه‌ڵداوه له‌سه‌رده‌می هیندی و ئارییه‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌مای یه‌كه‌می هیندۆزم و پاشانیش بودیزم بووه له ئاینی میترایدا خه‌تێكی تایبه‌تی هه‌بووه، له پێكهێنانی فه‌لسه‌فه‌ی ئاینی زه‌رده‌شتدا ده‌ستی باڵای هه‌بووه و له‌ڕێگه‌ی ڕێنمایی كۆنی موغه‌كانه‌وه گه‌یشتووه به كورد‌و سه‌رده‌مانێكیش له‌ڕێگه‌ی ته‌سه‌وفی ئیسلامه‌وه له به‌رگێكی دیكه‌دا هاتۆته كایه‌وه .
له هیندستان گرنگی تایبه‌تی پێدراوه هه‌ربۆیه قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به یۆگا هه‌یه به‌ناوی ( نات ) كه ڕاهێنانه تایبه‌ته‌كانی یۆگای تێدا ئه‌نجام ده‌درێت .
یوگا هاوئاهه‌نگی له‌نێوان له‌ش و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ پێكده‌هێنێت،هه‌روه‌ها ته‌نیایی و خه‌ڵوه‌ت، هیوا و رووناكی، ئۆقره‌گرتن و ئاسووده‌یی به‌هزر و مێشكی مرۆڤ ده‌به‌خشێت و ڕێ له‌ڕه‌قبوون و وشك هه‌ڵگه‌ڕان و قورسكه‌وتنی ریشاڵه و جومگه‌كانی له‌شی مرۆڤ ده‌گرێت و له‌به‌رامبه‌ردا نه‌رم و سازگاریان ده‌كات.
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی نایابترین و سه‌رسوڕهێنه‌رترین كاریگه‌رییه‌كانی وه‌رزشی یوگا بریتیه له، دروستكردنی نۆڕم و شێواز و ئاوێته‌كردنی ده‌روونی مرۆڤ كه‌ده‌بێته هۆی دۆزینه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی هاوئاهه‌نگیه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته و توخمه‌كانی جیهان و ژیانی مرۆڤه‌كان.
5 یاسای بنچه‌نینه‌یی بۆ پێكه‌وه ژیانێكی ته‌با و ئاشتیانه له یۆگا دا:
یاسای ژماره 1 (ئاهیمسا)
هه‌ڵبژاردنی ژیانێكی ساده و ساكار، ئازارنه‌دانی خه‌ڵكانیتر و خۆ به‌دوورگرتن له‌به‌كارهێنانی توند و تیژی و زیان پێگه‌یاندن و رووخاندنی خود و ده‌روون و جیهانی ده‌وروبه‌رت له‌لایه‌نی مادی و سۆزداری و بیركردنه‌وه.
یاسای ژماره 2 (ساتیا)
پابه‌ندبوون به‌وتنی راستیه‌كان و راستگۆیی له‌ته‌ك خۆت و كه‌سانیتر، ئاخاوتنی ڕاست و دروست و ژیرانه و به‌رده‌وام دروست بیركردنه‌وه هاوكات تێكه‌ڵ به‌خوو و ڕه‌وشت و كرداری شایسته و دروست.
یاسای ژماره 3 (ئاستیا)
دزی نه‌كردن و خوبه‌دوور گرتن له‌قۆرخكاری و خۆسه‌پاندن و كه‌ڵك وه‌رگرتنی خراپ له‌خه‌ڵكانیتر، تێڕوانینێكی كراوه‌ت هه‌بێت بۆ ژیان و دووركه‌وتنه‌وه له‌پێشێلكردنی مافی كه‌سانیتر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆت.
یاسای ژماره 4 (براهماچاریا)
زاڵبوون به‌سه‌ر له‌ش و حه‌ز و ویسته ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌كان له‌ناوه‌وه‌ی هزر و بیركردنه‌وه‌ت و هه‌روه‌ها كۆنتڕۆڵكردنی هه‌سته‌كانت و پێداویستی له‌شت، به‌گشتی جیا كردنه‌وه‌ی حه‌ز و پێداویستی له یه كتر.
یاسای ژماره 5 (ئاپاری-چیه‌كان)
دووره‌په‌رێز بوون له‌به‌ستراوه‌یی و خۆگرێدان به‌كه‌سانیتر، ئازادكردنی ناخی خۆت له‌ئیره‌یی بردن و بازدان به‌سه‌ر ترسه‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.