وەزارەتی تەندروستیی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، ڕاگهیاندراوێكى بڵاو كردهوه و تێیدا ئاماژه بهوه دراوه، لە ماوهى هەفتەیەكدا سێ جار هێرش كراوەتە سەر نەخۆشخانەكان.
ئهمڕۆ یهكشهممه 21/6/2020، وهزارهتى تهندروستی ڕاگهیاندراوێكى بڵاو كردهوه ، كه تێیدا هاتووه: "هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی ون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی، جگە لەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا، چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمار کراوە".
ئهوهش خراوهته ڕوو: "بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرش کراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سووکایەتیکردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو، لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین کە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان مولکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ڕووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێنه سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان".
وهزارهتى تهندروستیی داوا له هاووڵاتییان دهكات: "خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین ئارامیی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن". باس لهوهش كراوه: "هاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتەئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دان، کە ئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتمانییە لە هەرێمی کوردستان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.