Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 20:42

دوو پرسیار لە بارەی کۆڕۆنا کە خەڵکێکی زۆر دەپرسن

هەرچەند ڤایرۆسەكە بەربڵاویش بێت مەرج نیە هەموومان تووشی بین
کوردستان TV
100%

زۆركەس دەپرسن، گەر تووشی كۆڕۆنا دەبین، ئیتر چ پێویست دەكات خۆمان بپارێزین ؟
ئایا خەڵك بەكۆڕۆنا دەمرن یا هۆكارەكە نەخۆشی ترە ؟
وەڵامێكی كورت بۆ پرسیاری یەكەم.
پێوویستە خۆمان بپارێزین لەبەر ئەم هۆكارانە
۱_ هەرچەند ڤایرۆسەكە بەربڵاویش بێت مەرج نیە هەموومان تووشی بین.
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو هەموو پەتاكانی جیهانی بە كۆن و دوا پەتای جیهانیش لەهیچیان هەموو خەڵك لەسەدا سەد تووشی نەبوون هەر چەندە خۆپارێزی و رێكارەكانیش وەك ئەوەی ئێستا توند نەبوون . تەنانەت بۆ كۆڕۆناش لە شاری ووهان لەزۆرترین خەمڵاندن لە ۷٪ ی دانیشتوان تووشبوون.
۲_ بەپێی بنەما زانستییەكانی پەتازانی هەموو پەتایەكی ڤایرۆسی كاتێك بڵاودەبێتەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی كات توندی و قورسییەكەی لەدەست دەدات، هەرچەند خێراتر و فراوانتر بڵاو ببێتەوە كوشندەیی كەمتر دەبێت.
گەر سەیری سارس و مێرس و ئیبولا و ئینفلۆنزا بكەین ئەوە روونتر دەردەكەوێت، بڵاوبوونەوەی كەمتر كوشندەیی زیاترە.
۳_ خۆمان دەپارێزین بۆ ئەوەی ژمارەی ئەوانەی لە یەك كاتدا تووشدەبن كەمتر بێتەوە، بەمەش توانا تەندروستییەكان باشتر دەبێت بۆ بە هاناوەچوون، داخلكردن، دەستنیشان، چارەسەر و چاودێریكردنی نەخۆش, لەئەنجامدا رێژەی چاكبوونەوە زیاتر و مردن كمتر دەبێت.
٤_گەر خۆمان بپارێزین و درەنگتر تووشبین لەو كاتەدا توانا مرۆییەكان و پزیشكییەكان باشتر دەبێت وەك ئەزموون و شارەزایی پزیشك و كارمەندان, ئامادەییان لەروی دەروونیشەوە لەمامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆش و نەخۆشییەكە باشتر دەبێت .
٥_ گەر خۆمان بپارێزین و درەنگتر تووشبین، ئەگەری هەیە دەرمانی كاریگەرتر بدۆزرێتەوە، یا ڤاكسینی دژی ڤایرۆسەكە بەرهەم بێت.
٦_ هەر نەخۆشی و پەتایەك ئەگەر بتوانین خۆمانی لێ بپارێزین، بۆچی خۆمان نەپارێزین؟ بۆچی تەندروستی و ژیانی خۆمان و ئازیزانمان بخەینە بەر مەترسییەك كە لەوانەیە هێشتا دڵنیا نەبین ئەنجاممان چۆن دەبێت .
لە وەڵامی پرسیاری دووەم دەڵێین
بەڵێ خەڵك بەكۆڕۆنا دەمرن، تا ئێستا لەجیهان زیاتر لە ٤۰۰ هەزار كەس بەكۆڕۆنا مردوون.
بەڵام خەڵكانێك دەڵێن تووشبووەكان نەخۆشی درێژخایەنیان هەبووە, وەك نەخۆشی دڵ ، گورچیلە ، سنگ بەو نەخۆشییانە مردوون نەوەك كۆڕۆنا ئەوە راست نییە.
راستییەكەی، بەڵێ بە كۆڕۆنا مردوون, راستە خۆیان زۆربەیان نەخۆشی تریان هەبووە، ئەو نەخۆشییانە رێخۆشكەربوون بۆ مردن بەڵام نەك هۆكاری مردن .
لەهەموو جیهان زۆربەی ئەوانەی بەكۆڕۆنا دەمرن, ئەو كەسانەن كە بەتەمەنن، نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەڵام هۆكاری مردنەكەیان كۆڕۆنایە.
لەهەموو وڵاتانی جیهان كە نەخۆشێكی كۆڕۆنا دەمرێت دەڵێن بەهۆی كۆڕۆنا مرد، تەنها لەكوردستان خەڵكی نایانەوێت باوەڕ بەوە بكەن كە هۆكاری مردن كۆڕۆنایە.
بۆ روونكردنەوە و ئاسانكردنی زیاتر دەڵێین ئایە ئەگەر كەسێك نەخۆشی دڵی هەبێت، زەخت هەبێت بەڵام لەكاتێكدا جەڵتە لێیدا و مرد، ئایە دەڵێین هۆكاری مردنەكە جەڵتە بووە یا دەڵێین ئەوە نەخۆشی دڵی هەبووە و بەنەخۆشی دڵ مردووە ؟ بێگومان دەڵێین بە جەڵتە لێدان مردووە و لەپزیشكیشدا هۆكاری مردنی دەنووسرێت بە جەڵتە مردووە.
بەهەمان شێوە كاتێك كەسێك نەخۆشی شێرپەنەنجەی هەبێت و ئۆتۆمبێل لێی بدات و بمرێت, ئایە دەڵێین بە نەخۆشی شێرپەنجە مردووە یا بە رووداوی هاتووچۆ ؟ بێ گومان دەڵێین بە رووداوی هاتووچۆ .
بەهەمان شێوە كاتێك نەخۆشێك ، نەخۆشی دڵ یا شێرپەنجە یا شەكرەی دەبێت ئەگەر تووشی كۆڕۆنا بوو و گیانی لەدەست دا ئەوە هۆكاری مردنی نەخۆشی كۆڕۆنایە نەك شەكرە.
ن / د. خالس قادر ئەحمەد

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.