Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 14:19

دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوای کردووە پەلە بکرێت لە ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکوک

خەڵکی ئەم ناوچانە دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارەن
کوردستان TV
100%

رۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ گرووپی قەیرانى نێودەوڵەتى ڕاپورتێکی بە ناونیشانى''چاککردنی بارودۆخى ئەمنی لە کەرکوک'' بڵاوکردەوە، لەم راپۆرتەدا باس لە ڕەوشی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان وپارێزگاى کەرکوک دەکات لە دواى کۆتایی هاتنی شەری دژی تیرۆریستانى داعش. هەروەها تیشک دەخاتە سەر رووداوەکانى ئۆکتۆبەر لە ساڵى ٢٠١٧ و باسى لە ریفراندۆم دەکات لە هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانیش.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی راپۆرتەکەوە رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پێشوازی لە راپۆرتێ گرووپی قەیرانى نێودەوڵەتى دەکات سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی کەرکوک، لە دوای هێرشەکانی داعش خەڵکی ئەم ناوچانە دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و خانوو و شوێنە بازرگانییەکانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون. دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعش کێشەکانی ئەم ناوچانە و مەینەتییەکانی خەڵکەکەی وەک خۆیان مانەوە، بۆیە داوامان لە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێویستە هەرچی زووە بەهانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن.

لە راپۆرتی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیدا باس لە گرنگی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، لەم بارەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی:  ئێمەش وەک حکومەتی هەرێم پشتگیری لە بۆچوونی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە بوونی هێزی گشت پێکهاتەکان لەو ناوچانە دەکەین، نەک پشتگوێ خستنی بەشێکیان وەک ئەوەی ئێستا هەیە، چونکە بەم دواییە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادی کردووە و رۆژانە لەو ناوچانە قوربانی هەیە، بۆیە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە تەواجودیان هەبێت لە ناوچە جێناکۆکەکان تا ئەو کاتەی کە ماددەی ١٤٠ یەکلا دەکرێتەوە. چونکە زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە کوردن و هێزەکانی پێشمەرگەش هەر لە خودی خەڵکەکە خۆیانن کە پارێزگاری لە شوینەکانی خۆیان دەکەن، لە هەمان کاتدا بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی دیکەش لەو ناوچانە لەبەرچاو دەگرین بەتایبەتی لە شاری کەرکوک.

سەبارەت بە بوونی چەندین هێزی جیاجیا لە کەرکوک کە هەریەکیان لە شوێنێکی تایبەتەوە فەرمان وەردەگرێت وەک لە راپۆرتەکەدا خراوەتە روو، د. دیندار زێباری وتی:  بوونی ئەم فرە هێزیە لەو ناوچانە نائارامییەکی زۆری درووستکردووە و بۆتە هۆی ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بەردەوام دزە دەکەن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی تەنانەت زۆر جار کێشە و ئاڵۆز کەوتۆتە نێوان خودی ئەم هێزانە و لە ئەنجامدا دانیشتوانی شاری کەرکوک بە گشت پێکهاتەکان خۆیان زەرەرمەندبوون.

زێباری ئەوەشی روونکردەوە کە لە دوای ساڵی 2003 تاکو 2017 هەماهەنگی هەبووە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە، لە سەرەتای درووستبوونییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردەم هەوڵیداوە بۆ پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی عێراق بۆ شادبوونیان بە مافەكانیان لە پێناو هێنانەدی سەقامگیری لە وڵات، بۆ ئەم مەبەستەش لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی كە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە مابوونەوە بە پشت بەستن بە دەستوور كە گەلی عێراق دەنگیان بۆی دا، گرنگترین ئەو كێشانەش كە بێ چارەسەر مابوونەوە ماددەی (140) ی دەستوورر و میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستووریەیە.

رێکخەری راسپاردە نێودەڵەتییەکانی ئەوشی خستە روو کە ئەو ناسەقامگیرییەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە لە بواری ئابووریش زیانی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە و لەم رووەوە وتی: ئەو ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا هەیە بۆتە هۆی ئەوەی له ‌ماوه‌ی ڕابردوودا له ‌سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لەوانەش ده‌وروبه‌ری کەرکوک، خانه‌قین، کفری، خورماتوو و شنگال چه‌ند ده‌ستێكی نادیار، به ‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیان پێگه‌یاندنی هاووڵاتییان و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ دەدەن. وه‌ك دیاره‌ هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و له‌ كاتی دروێنه‌كردنی ڕه‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جوتیارانی سنووره‌كه‌، هه‌ستاون به‌ سوتاندنی ده‌غڵ و دانی هاووڵاتییان و ئاگرتێبه‌ردان و بۆمبڕێژكردنی زه‌ویوزاری گونده‌كان کە ژمارەیەک کوژراو  و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم وتی: حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە حكومەتی فیدراڵ كردووە پەلە بكەن لە جێبەجێكردنی ماددەی (140) و لەم رووە زۆر نەرمی نواندووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک، هەروەها بەر لە هێرشی داعش داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە كە پێویستە ئەم کێشەیە بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت. هەروەها بەباشی زانیوە کە خەڵکی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لایەنێک بن لە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەیە. ئەوانیش داوای هاوبەشکردنی دەسەڵات و هاوبەشکردنی رێکخستن لەو ناوچانە دەکەن بۆ ئەوەی هیچ جیاوازی و دووبەرەکییەک لەنێوان خەڵکەکە دروست نەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.