Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:33

26-6 ساڵیادی کۆچی دوایی  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک

لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ ٤٨ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی "حەسەن زیرەک" ناودارترین گۆرانیبێژی كوردا تێدەپەڕیت، بەڵام هێشتا تێپەڕینی ئەو هەمو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەكەی ئەو دورنەخستوەتەوە، چەندین نەوەی كوردە گوێ‌ لەگۆرانە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەكەی زیرەك دەگرن.

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سروشتی (لەدایک‌بووی ١٩٢١ - کۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆکان ھاتۆتە دنیاوە. زیره‌ک یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینیەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. زیره‌ک بە ھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ئێران و عێراق ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران کۆچی دوایی کردووە و بە خاک سپێردراوە.
سه‌ره‌تای ژیانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک
حەسەن زیرەکی لە مەڵبەندی موکریان لە دایک بووە. لەرۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ی زایینی (ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی). شوێنی لە دایکبوونی زۆر ڕوون نییە، بە گوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکان زیرەک لە گەریکی قەڵای سرداری ئەم شارە لە دایک بووە و زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناناسن، گوندی "ھەرمێلە" کە لە نێوان شاری سەقز و بۆکان ھەڵکەوتووە بە شوێنی لە دایکبوونی دەزانن.

ktv
باوکی ناوی عەبدوڵڵایە و دایکی ئامینی ناو بووە. باوکی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو کوڕی دیکەی بە ناوەکانی حوسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکاو ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک منداڵ دەبێ کە باوکی دەمرێ (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات). بە دوای مردنی باوکیدا بنەماڵەکەیان لە دێ بار دەکا و دەچنە شاری سەقز. پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوە و ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی. لە تەمەنی ١٢ ساڵی دا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە بە کارکەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکا بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات.
ساڵانی ھەرمێلە و سەقز:
ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەویان دەبێ زیرەک لە دەنگە خۆشەکەی بێ بەشیان نەکا. کە خانان دەبینێ زیرەک دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەک بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەکانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە. لەو لاشەوە زیرەک مێرمنداڵ و دەنگ خۆش بۆ شەو داوەت و ڕەشبەڵەکی کوڕان و کچانی دێ، خۆ دەکوتێ و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکا.
دوای ساڵێک ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە شار، بە شاگرد کەبابچی و وردە کاری دیکە ژیان دەباتە سەرێ. ساڵی ١٣٢٠ دێتەوە ھەرمێلە و وەک تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان بەینی لە گەڵ ئاغا و تێکدەچێ و واز لە تفەنگچیەتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵک لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شاگرد شۆفێری "مینە خانی ئەردەڵان" و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە کار دەکا.

ktv
ئاوارەیی و بەغدا:
ڕۆژێک لە ڕۆژان کوڕە جەحێڵەیەکی گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی مەحموود نارنج، دەکەوێتە بەر ماشێنەکەی و دەکوژرێ. لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت تا لە کوردستانی عێراق دەگرسێتەوە. دواتر زیرەک دەگاتە شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند کەسێک لە میوانخانەی "شومال ئەلکەبیر" دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەکات بە گورانی وتن و لە ماوەیەکی کەم دا بەم هۆیه‌وه‌ ناو دادەخات. چەند کەس لە ناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ئە دەبەنە بەشی کوردی "رادیۆ بەغدا" بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیرەک پەیدا دەبێ.
حەسەن زیرەک لە ماوەی مانەوەی لە بەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکا، ئەم گۆرانییانە ناو و ئاوازەی زیرەک بە کوردستاندا بڵاو دەکەنەوە. زیرەکی گۆرانیبێژ لە ماوەی نزیک بە دەساڵ مانەوە لە عێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەند و گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لە ئەزموون و ڕێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێ و سرنجیان بۆ لای مایە بەھرە ھونەرییە کەم وێنەکەی خۆی ڕادەکێشێ.
گەڕانەوە بۆ ئێران:
لە ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، کرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی خوێندوە. ھەر لەو ساڵەدا لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێک دێنن کە ئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بە ناوەکانی "مەهتاب" و "ئارەزوو" دەبێ. ساڵی ١٣٤٧ی ھەتاوی حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانە و لەوێ لە "کانی مەلا ئەحمەد" چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شان بە شانی ئەو کارەش لە گۆرانی کوتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکا و بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکا. پاشان دەچێتە شاری مەھاباد و لە دواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ. لە شاری شنۆ بە کار و کاسبی ژیان تێپەڕ دەکا. لە ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لە شاری سلێمانی لە تیپی "شانۆی ھونەرەجوانەکان" لەگەڵ "سێوەخان" و "رەشۆڵ عەبدوڵڵا" لە شانۆکای «بووکی ژێر دەواری ڕەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.
زیرەك هونەرمەندێكی ئەوەندە مەزنە كە لەماوەی پەنجا ساڵی تەمەنیدا، سەرباری ئەوەی نەخوێندەواریش بوە، سەدان ئاوازو شیعرو گۆرانی ئاست بەرزی داهێناوە‌و دڵی ملیۆنەها كوردی لەهەر چوار پارچەی كوردستان داگیر كردوە.
زیرەك لە٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢لەتەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات‌و لەسەر داوای خۆی لەکێوی ناڵەشکێنە لە شاری بۆکان بەخاک دەسپێردرێت.

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.