Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:31

پیشانگای وێنەکانی فیلمی "دارگوێز" لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانی سەردەشت کرایەوە

مەجید تالبی کاری فۆتۆگرافی بۆ کردووە
کوردستان TV
100%

پیشانگای وێنەکانی فیلمی "دارگوێز" لە دەرهێنانی محەمەد حسێن مەهدەویان بە بۆنەی سالوەگەڕی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە یانەی هونەرمەندانی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 ڕێوڕەسمی کردنەوەی پیشانگای کۆمەڵە وێنەکانی فیلمی سینەمایی "دارگوێز" کە مەجید تالبی کاری فۆتۆگرافی بۆ کردووە، لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە 8ی پووشپەڕ بە ئامادەبوونی مەجید ڕەجەبی میعمار بەڕێوبەری گشتیی یانەی هونەرمەندانی ئێران و محەمەد حسین مەهدەویان دەرهێنەری دارگوێز لە گەلەری زستان بەڕێوەچوو.
فیلمی دارگوێز تایبەت بە کیمیابارانی سەردەشت لە دەرهێنانی محەمەد سدێق مەهدەویان سێ شەممە 15 ی ڕێبەندانی 1398 لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایش کرا.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر کە لە تاوەری میلادی تاران بەڕێوەچوو، پەیمان مەعادی ئەکتەری ناسراوی سینەمای ئێران بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی دارگوێز خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بردەوە.
لە پرێس کۆنفڕانسی پاش نمایشی دارگوێزدا پەیمان مەعادی ئەکتەری ئەم فیلمە باسی لە ڕۆڵ بینینی خۆی و بۆچۆونی لە سەر کورد و کوردستان کرد.
مەعادی وتی: شانازی دەکەم کە ڕۆڵێ قادرم بینی و لەو ڕێگایەوە لە گەڵ فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردەکان ئاشنا بووم.
ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران ڕاشیگەیاند: دەسخۆشی لە خەڵکی بەڕێزی کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی ئیزنیان دامێ بەشێکی بچووک لەو چیرۆکە گەورەیە بگێڕمەوە و جلوبەرگی پڕ لە شانازی کوردی لەبەر بکەم و بە زمانە جوانەکەیان قسە بکەم.
بە ئاماژە بەوەش کە دەنگدانەوەی نێودەوڵەتی فیلمی دارگوێز و نیشان دانی بەسەرهاتی کیمیابارانی سەردەشت بە جیهان لە وەرگرتنی سیمۆرغ بەنرخترە، وتیشی: فیلم ئەبێ گرینگ بێت پاشان فیلمێکی باش بێت، فیلمی دارگوێز فیلمێکی گرینگە کە من بە عەشەقەوە تێیدا ڕۆڵم بینی و پێشکەشی دەکەم بە خەڵکی بەڕێز و نەجیبی کوردستان و هیوادارم قەرەبووی هەموو چاکەییەکانی خەڵکی کورد بێت.
پاشان مەعادی، لە ئینستاگرامەکەی، بەشێک لە شیعرێکی شاعیری گەورە، شێرکۆ بێ‌کەسی دانا.
دەقی تەواوی شیعرەکە ساڵانێک لەمەوبەر لە سنە کرایە پۆستەر و خودی مامۆستاش لە ژووری کارەکەیدا هەڵیواسی.
مێژوو هات و باڵای خۆی گرت
به باڵای زامه‌كانی تۆ
زامه‌كانت
یه‌ك دوو قولانج درێژتر بوون
كه زه‌ریایش ویستی قووڵایی
زامی خۆی و تۆ بپێوێ
هاواری كرد و خه‌ریك بوو
ئه‌و له ناو تۆدا بخنكێ!
پاشان ئەو شیعرە لە لایەن سابیر میکاییلی، هونەرمەندی دەست‌ڕەنگینی کوردەوە، وەکوو تابلۆیەکی جوان لە کۆلێژی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی کوردستان‌دا دانرا.
مێهران مودیری ئەکتەر و پێشکەشکاری بەناوبانگی ئێرانی یەکێکی دیکە لە ئەکتەرانی دارگوێز بوو و لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە فێستیڤاڵی فەجر ڕۆڵ بینینی لە فیلمێک تایبەت بە کیمیابارانی سەردەشتی بە شانازییەک و وەڵامێک بۆ ڕێز و خۆشەویستی خەڵکی کورد وەسف کرد.
ناوبراو سەبارەت بە بەشداری کردنی لە دارگوێزدا باسی لە ئامادەبوونی لە کوردستان لە ساڵانی شەڕی هەشت ساڵە لە گەڵ عێراق کرد و وتی: من لە شەڕدا بەس شانۆ و شۆفێریم نەکردووە بەڵکوو چەکیشم هەڵگرتووە یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداری کردنم لە فیلمی دارگوێز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆم لەوێ بووم واتا لە کاتی کیمیابارانی سەردەشت لە بانە بووم و پاشان چوومە ئەوێ و لە نزیکەوە ئەو کارەساتەم بینی.
ڕاشیگەیاند: ئەوەش بڵێم کە من عاشقی خەڵکی کوردم  و لە هەموو ساڵانی بەشداری کردنم لە شەڕی هەشت ساڵە لە کوردستاندا بووم و لە گەڵیان ژیانم کرد. ئەوان خەڵکانێکی بەڕێز، کتێب خوێن و زۆر باشن و ویستم قەرەبووی هەموو ئەو میوانداریانە بکەمەوە.
مێهران مۆدیری پێشکەشکار ئەکتەر و درهێنەری ناسراوی تەلەفزیۆن و سینەمای ئێرانە کە زیاتر بە بەرهەمی کۆمێدی بە تایبەت ڕەخنەییەوە دەناسرێت و بەشێک لە فیلمەکانی کراوەتە کوردی و لە کەناڵەکان بڵاوکراوەتەوە.
ژێده‌ر/ جام کوردی

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.