لەگەڵ ئەوەی شیری دایک باشترین سەرچاوەی خۆراکییە بۆ منداڵ، بەڵام توێژینەوەکان باس لە شیری بزن دەکەن وەک سەرچاوەیەکی تەندروست و شوێنگرەوە.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک لە نووسینێکدا کە پەڕەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، باس لە شیری بزن دەکات وەک سەرچاوەی خۆراکی منداڵ و ئاستی گونجاندنی بۆ تەندروستی منداڵ.
ئەو ئەندازیارە باس لەوە دەکات، هیچ شیرێک هاوتای شیری دایک سودی نی یە بۆ کۆرپەلە کە بەرگری مناڵ بەهێز دەکات، بەڵام ئەگەر دایک لە شەش مانگی یەکەمدا نەتوانێت شیر بدات بە منداڵەکەی، ئەوا شیری بزن شوێنگرەوەیەکی گونجاوە چونکە هەموو ئەو مادە خۆراکییانەی تێدایە کە لە شیری دایکدا هەیە.
دەربارەی پێکهاتەکانی شیری بزنیش دەڵێت، شیری بزن کە رێخۆلەی مندال زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەرسی بکات، دەوڵەمەندە بە گشت فیتامینەکان و کانزاکانی تێدایە، بڕی تەواوی پێکهاتە سەرەکیەکانی ترشە چەورییە ناتێرەکانی (DHA & AA) ی لەگەڵ و هەموو پڕۆ بایۆتیکەکانی لەخۆگرتووە.
لەسەر گرنگی ئەم پێکهاتانەش لەشکر حەمید باسی لەوە کردووە، ئەم سێ پێکهاتەیە یەکێکن لە هەرە مادە گرنگاکان کە لە شیری دایکدا هەیە و لەهەمان کاتتدا لە شیری بزن دا هەیە کە پێویستن بۆ گەشەی دەماری و بەرزبونەوەی ئاستی زیرەکی منداڵ. هەروها مادەی هەرسکەری (OPO) ی تێدایە کە پێویستە بۆ هەرسکردنی چەوری ناو شیرەکە.
لەشکر حەمید دەربارەی سودی شیری بزن بۆ جەستەی منداڵ ئاماژەی بەوە کردووە، شیری بزن دڵنیات دەکاتەوە کە منداڵەکەت هەموو ئەو پێکهاتە و مادە خۆراکیانە وەردەگرێت کە پێویستە بۆ گەشەکردن و درێژبوونی باڵا. ڕێژەی کالیسیۆم لە شیری بزندا زیاترە لە ڕێژەی کالیسیۆم لە شیری مانگادا بۆیە بۆ ئەو کەسانە بەسودە کە کێشەی ئێسقانیان ھەیە.
ئەندازیارەکەی خۆراک لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت، شیری بزن دەوڵەمەندە بەسۆدیۆم و پۆتاسیۆم و ڤیتامین B١٢، پەرداخێک شیری بزن %٣٥ کالیسیۆمی تێدایە، شیری بزن ڕێژەیەکی باش ئاسن و سلینیۆمی تێدایە بۆ پاراستنی کۆئەندامی بەرگری بەسودە، ھەروەھا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی جومگەکان بەسودە. ئەو مناڵانەی هەستیارییان هەیە بەرامبەر شیری مانگا و پرۆتینی شیری مانگا، شیری بزن بەكاربهێنن چونكە ئاسان هەرس دەبێت و زۆر سود بەخش و تەندروستە
ژێدهر / لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.